بەرازیلییەکان بۆ ئەنچێلۆتی هاتوونەتەوە سەر هێڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، جارێکی دیکە هاتوونەتەوە سەر هێڵ بۆ دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی وەک راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل.

لەماوەی رابردوودا، دۆریڤال جۆنیۆری راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، بەهۆی ئەنجامی خراپی هەڵبژاردەکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، پێشتر هەوڵی دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەڕاهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیلدا، بەڵام ئەو راهێنەرە بڕیاریدا لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام بێت.
دۆخی ئەمساڵی ریال مەدرید و ئاستی خراپی یانەکە، مشتومڕی زۆری لەبارەی داهاتووی ئەنچێلۆتییەوە دروستکردووە، هەربۆیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، جارێکی دیکە هەوڵدەدات دانوستاندن لەگەڵ ئەو راهێنەرە بکات، لەپێناو رازیکردنی بەمەشقدانی هەڵبژاردەکە.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، دیێگۆ فێرناندێز، بزنسمانی بەناوبانگی بەرازیلی، کە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل هەیە، لە یاریی گەڕانەوەی نێوان ریال مەدرید و ئارسیناڵ لە چامپیۆنزلیگ، لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادەبووە.
سەرچاوە نزیکەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، ئاشکرایانکردووە، دانوستاندن لە نێوان ئەو بزنسمانە بەرازیلییە و کەسانی نزیکی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەنهێنی ئەنجامدراوە و ئامانجیش ئەوەیە کە ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە لە مانگی حەوتی داهاتوودا ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل دەیەوێت، ئەنچێلۆتی بۆ هەردوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە بەرامبەر ئیکوادۆر و پاراگوای لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال، سەرپەرشتی هەڵبژاردەکە بکات. بەرازیلییەکان پێیانوایە کارلۆ باشترین بژاردەیە بۆ مەشقدانی سیلیساو، بەتایبەت پاشئەوەی لە یاریی پێشووی پاڵاوتنەکاندا بەرامبەر ئەرجەنتین دۆڕان بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر و بەهۆیەوە هەڵبژاردەکە بۆ پلەی چوارەمی ریزبەندی پاڵاوتنەکان دابەزی.
لەدوای شکستی دوێنێ شەوی ریال مەدرید بەرامبەر ئارسیناڵ لە چامپیۆنزلیگ، میدیاکانی مەدرید هاودەنگن لەسەرئەوەی لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، کارلۆ ئەنچێلۆتی لە مەشقدانی یانەکە دووردەخرێتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو