کوردێک دەبێتە سەرۆکی شارەوانیی خورماتوو

لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بۆ یەکەمجار کوردێک دەبێتە سەرۆکی شارەوانیی خورماتوو.

نیسان 17, 2025 - 13:15
کوردێک دەبێتە سەرۆکی شارەوانیی خورماتوو

یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین و نوێنەری قەزای خورماتوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هیوا غالب مەجید، دەبێتە سەرۆکی شارەوانیی خورماتوو، دوێنێ فەرمانەکەی لەلایەن بەدر مەحموود فەحل، پارێزگاری سەلاحەدین واژۆ کراوە. هیوا غالب مەجید، ئەندازیارێکی کوردە لە شارەوانیی خورماتوو.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕێی گەیشتنی نووسراوەکەی پارێزگاری سەلاحەدین دەکەن، ئەگەر بگات ئەمڕۆ دەستبەکار دەبێت، ئەگەرنا دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە. بەگوێرەی نووسراوێک، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، پارێزگاری سەلاحەدین، مەرعی رەشید سەمین-ی لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە و لە شوێنی ئەودا هیوا غالب مەجیدی راسپاردووە.

مەرعی رەشید سەمین بە نەتەوە عەرەبە، بەڵام لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتبوو.

 بەگوێرەی یاداشتێک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رۆژی 14ـی ئەم مانگە یاسین محەممەد عەلی داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین نووسراوی بۆ پارێزگار کردووە و داوای کردووە رەزامەندی لەسەر هیوا غالب مەجید میکائیل بدات بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی خوورماتوو، کە ئەندازیارە و زیاتر لە 22 ساڵ خزمەتی هەیە. پارێزگاریش رەزامەندی لەسەر داواکە دەربڕیوە.

رۆژی 9ـی ئەم مانگە بەدر مەحموود فەحل، پارێزگاری سەلاحەدین، بڕیاریداوە بۆ 60 رۆژ مەرعی رەشید سەمین، سەرۆکی شارەوانیی خورماتوو لە پۆستەکەی سڕبکات. ئەو بڕیارەی پارێزگاری سەلاحەدین پاڵپشت بووە بە نووسراوێکی بەشی کاروباری یاسایی پارێزگاکە، کە بە گوتەی ئەوان، سەرۆکی شارەوانیی خورماتوو دەرخستەی پرۆژەی ساختەی بۆ ئەندامانی لیژنەی پرۆژەکان لە قەزاکە کردووە و زیانی لە بەرژەوەندی گشتی داوە.

 بۆ ئەوەی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان بە دروستی بەڕێوەبچێت، داوا لە پارێزگار کرا بۆ 60 رۆژ سەرۆکی شارەوانیی خوورماتوو لە پۆستەکەی دووربخاتەوە. قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە.

سەرچاوە: ڕووداو