رووفاتی 22 خێزانی کوردی ئێزدی گەڕێندرانەوە شنگال
دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی، 22 رووفاتی کوردانی ئێزدی گەڕێندرانەوە شنگال و بڕیارە سبەی بەخاک بسپێردرێن. ئەفسەری دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە لە دهۆک دەڵێت: "نزیکەی 7 ساڵە تەنیا رووفاتی 318 کوردی ئێزدی گەڕێندراونەتەوە شنگال."

ساڵی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال و کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، عەقید شاکر مەحموود، ئەفسەری دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2018ـەوە زیاتر لە 760 رووفات لە شنگالەوە بۆ پشکنینی DNA نێردراون بۆ بەغدا. لەو کاتەوە دوای دەرچوونی پشکنینەکان بە 7 کاروان بەشێکیان گەڕێندراونەتەوە."
بە گوتەی عەقید شاکر مەحموود، رووفاتەکانی سبەی زیاتر خەڵکی گوندەکانی کۆجۆ، حەردان و ناوچەکانی تەلقەسەب و تەلبەناتن؛ گوتیشی: "ئەمڕۆ رووفاتەکان گەیێندرانە دادپزیشکیی موسڵ و سبەی کاژێر 09:00ـی بەیانی لە رێوڕەسمێکدا لە شنگال بە خاک دەسپێردرێن."
ئەمە هەشتەمین گەڕی گەڕاندنەوەی رووفاتی قوربانییانی شنگالە کە دوای ئاشکرابوونی ناسنامەکانیان پاش پشکنینی DNA بەخاک دەسپێردرێن و بەم شێوەیە گەڕێندراونەتەوە:
گەڕی یەکەم؛ 62 رووفات
گەڕی دووەم؛ 42 رووفات
گەڕی سێیەم؛ 43 رووفات
گەڕی چوارەم؛ 55 رووفات
گەڕی پێنجەم؛ 21 رووفات
گەڕی شەشەم؛ 41 رووفات
گەڕی حەوتەم؛ 32 رووفات
گەڕی هەشتەم (سبەی)؛ 22 رووفات
پێشتر ئەحمەد قوسەی، سەرۆکی تیمی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق بە رووداوی راگەیاندبوو، تیمەکانیان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە شنگال و تاوەکو ئێستا 62 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال هەڵدراونەتەوە و 30 گۆڕی بەکۆمەڵی دیکەش ماون هەڵبدرێنەوە.
لەو 62 گۆڕە بەکۆمەڵەی شنگال 600 رووفات دەرهێندراون؛ 250 رووفات دوای پشکنین و ناسینەوەیان، رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو