وەزیری بەرگریی تورکیا: یەکگرتوویی تورک و کورد بەردی بناخەی ئاشتییە

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێ، دەبێت پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ''هەموو درێژکراوەکانی'' پابەندی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بن و چەکەکانیان دابنێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''یەکگرتوویی تورک و کورد بەردی بناخەی ئاشتییە لەم جوگرافیایەدا''.

ئاب 12, 2025 - 21:03
وەزیری بەرگریی تورکیا: یەکگرتوویی تورک و کورد بەردی بناخەی ئاشتییە

یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، لە گوتارێکیدا لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، پرۆسەی چارەسەری بە ''پرۆژەیەکی مێژوویی برایەتی'' ناوبرد و گوتی، ''ئەم پرۆژەیە واتە چارەسەری گەورەترین کێشەی وڵاتەکەمان کە زیاتر لە 40 ساڵە وزەی ئێمەی بەفیڕۆداوە''.

گولەر ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە بانگەوازێکە بۆ برایەتیی کورد و تورک؛ باسی لەوەش کرد: ''یەکگرتوویی تورک و کورد کە هەردووکیان لە سەرەتاوە برا بوون و بە درێژایی مێژوو شانبەشانی یەکدی بوون، بەردی بناخەی ئاشتییە لەم جوگرافیایەدا."

 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.

پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.

وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی، دەبێت پەکەکە و ''هەموو درێژکراوەکانی'' خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن.

پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەستیپێکرد.

رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵیش، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.

سەرچاوە: ڕووداو