ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو گەرمایەی چەند رۆژێکە رووی لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران کردووە، لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، تەورێز، بووشێهر، سمنان، فارس، یەزد، خۆراسانی باشوور، باکوور و رەزەوی، مازەندەران، هۆرموزگان، مەرکەزی، ئەلبورز، قەزوێن، گوڵستان و هەمەدان پشوو دەبێ.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە پارێزگاکانی سنە، ئیلام و کرماشان پشوو دەبێ.
پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبا، رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێ.
جەلیل بالایی، جێگری پارێزگاری کرماشانیش رایگەیاند: "بڕیاردراوە رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو بێ. مەبەست لە راگەیاندنی پشووەکە بۆ کەمکردنەوەی گوشارە لەسەر تۆڕی کارەبا لە رۆژە گەرمەکان."
ئەفشین کەریمی، جێگری پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبای پارێزگاکە، رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێ.
بەرپرسە حکومییەکان لەو پارێزگایانە رایانگەیاندووە، بڕیارەکە دامەزراوە خزمەتگوازی و فریاگوزراییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو