رێگەوبانی سلێمانی: لافاو 10 ملیار دینار زیانی بە رێگەکان گەیاندووە

بەهۆی بارانبارین و لافاوەکانی ئەمساڵ و ساڵانی رابردوو، تۆڕی رێگەوبانی سنووری پارێزگای سلێمانی زیانی زۆری بەرکەوتووە. بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانیش رایدەگەیێنێت، زیانە کەڵەکەبووەکان گەیشتوونەتە 10 ملیار دینار و پلانێکی نوێش بۆ نۆژەنکردنەوەی 49 پڕۆژە بە گوژمەی 19 ملیار دینار پەسندکراوە.

نیسان 19, 2026 - 12:09
رێگەوبانی سلێمانی: لافاو 10 ملیار دینار زیانی بە رێگەکان گەیاندووە

ئەندازیار محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی، میوانی بەرنامەی "مژار"ی رادیۆی رووداو بوو و رایگەیاند: "بەهۆی باران و لافاوی ئەمساڵەوە بە تەنیا شەش ملیار دینار زیان بە تۆڕی رێگەوبان گەیشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیانەکانی ساڵانی رابردوو هێشتا چاک نەکراونەتەوە، کۆی زیانەکان گەیشتووەتە 10 ملیار دینار." بەگوتەی محەممەد جەلیل، زیانەکان تەنیا تێکچوونی قیر نین، بەڵکو وێرانبوونی شانی رێگەکان، دروستبوونی دابەزین لە ئاستی شەقامەکان و تێکچوونی جۆگەی ناوەڕاستی رێگە سەرەکییەکان بەشێکی دیکەی زیانەکانن کە سیمای رێگەکانیان تێکداوە. بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە 16 پرد و ئاوبارەی ستراتیژی زیانیان بەرکەوتووە و پێویستیان بە دروستکردنەوە یان نۆژەنکردنەوەی بنەڕەتی هەیە، گرنگترینیان: پردی زەرزی: لە ناوچەی دووکان (رێگەی چەمی رێزان)، پێویستی بە یەک ملیار دینارە. پردی کونەماسی: پردێکی 300 مەترییە و چاوێکی گەورەی دابەزیوە. پردی شیوەسوور: لەسەر رێگەی سەرەکیی (تاسڵوجە - چەمچەماڵ - سەنگاو). ئاوبارەی گۆرباز: لە ناوچەی قەرەداغ. پردەکانی گەرمیان: پردی سەرقەڵا و ئاوبارەی گوندی عەوڵاقوت. سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانیان، محەممەد جەلیل ئاشکرای کرد کە "کێشەی نەختینە لە بانکەکاندا" بووەتە بەربەستی سەرەکی. گوتیشی: "12 پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە بە گوژمەی حەوت ملیار و نیو رەزامەندییان هەیە، بەڵام وەستاون. هەروەها 250 پڕۆژەی نوێی رێگەی گوندەکانیش بەهۆی خەرجنەکردنی پێشینەکانەوە کاریان تێدا ناکرێت و بەڵێندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان دەکەن." دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی رێگەوبانی سلێمانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردراوە هەڵمەتێکی خێرا بۆ چاککردنی رێگەکان دەستپێبکات. بەڕێوەبەری رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت: "لیستێکی 49 پڕۆژەییمان بە بڕی 19 ملیار دینار پێشکەش کردووە و جێگری سەرۆکوەزیران رەزامەندی لەسەر داوە. ئامانجمان ئەوەیە تاوەکو وەرزی بارانبارینی داهاتوو، 80٪ی ئەو شوێنانەی خەڵک گلەییان لێیەتی نۆژەنیان بکەینەوە." لەبارەی رێگەی ستراتیژیی (دەربەندیخان - وارماوا)، محەممەد جەلیل ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە بەهۆی زۆری تێچووەکەی و نەبوونی پارە وەستاوە، بەڵێندەرەکەش چاوەڕێی پاڵپشتیی دارایی حکومەتە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی.