هاکان فیدان بۆ مارکۆ روبیۆ: پێویستە کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا بهێندرێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا بە هاوتا ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، پێویستە کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا بهێندرێت و "سەروەری و یەکێتیی خاکی ئەو وڵاتە بپارێزرێت."

تەمووزی 19, 2025 - 11:26
هاکان فیدان بۆ مارکۆ روبیۆ: پێویستە کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا بهێندرێت

سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی شەممە 19ی تەممووز بڵاویانکردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بە تەلەفۆن لەگەڵ مارکو روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا قسەی کردووە و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە سووریایان تاوتوێ کردووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە، هاکان فیدان جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا کردووەتەوە و بە پێویستی زانیوە ئاسایش و سەقامگیریی لەو وڵاتە بەرقەرار بێت. وەک سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێن، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا گرژییەکان زیاتر دەکەن.

 گوتووشیەتی، هەر هێرشێک بۆ سەر یەکپارچەیی خاک، یەکگرتوویی و سەروەریی سووریا، بەربەست بۆ هەوڵەکانی ئاشتیی ناوچەیی دروست دەکەن.

 بەگوێرەی سەرچاوەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتە، هاکان فیدان بە مارکۆ روبیۆی راگەیاندووە، "تورکیا پشتگیری لە رۆڵی بنیاتنەرانەی ئەمریکا لە سووریا دەکات و ئامادەیە شانبەشانی واشنتن و وڵاتانی دیکە کار بکات بۆ کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە شەڕ و گرژییەکان."

وەک سەرچاوەکانی دەرەوەی وڵاتەکە ئاماژەیان پێداوە، لە پەیوەندییەکەدا وەزیرانی هەردوو وڵات دۆخی غەززەشیان تاوتوێ کردووە و هاکان فیدان گوتوویەتی، تورکیا بە پێویستی دەزانێت ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە رابگەیێندرێت و رێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بگەیێندرێنە ئەو ناوچەیەی فەلەستین.

لە 13ی تەممووزدا پێکدادان لە پارێزگاى سوەیداى باشوورى سووریا دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کەس کوژراون. ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆی بۆ دروزەکان راگەیاندووە.

سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشەممە، 16ی ئەم مانگە چەندین ناوچەی لە سوەیدا و دیمەشق بۆردوومان کرد.

سەرچاوە: ڕووداو