ئێران لە هەفتەیەکدا زیاتر لە 70 هەزار ئەفغانی دیپۆرتکردووەتەوە
بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی کاروباری پەنابەرانی ئەفغانستان، ئێران لە یەک هەفتەدا زیاتر لە 70 هەزار ئەفغانی دیپۆرتکردووەتەوە.

ئامارەکان، کە 19 بۆ 25ی تەممووز دەگرنەوە، دەریدەخەن کە 70 هەزار و 830 ئەفغانی لە رێگەی دوو دەروازەی سنووریی سەرەکییەوە گەڕێندراونەتەوە کە بریتین لە ئیسلام قەڵا لە پارێزگای هیرات و پردی ئاوریشم لە نیمروز.
هەر لەو هەفتەیەدا، پاکستانی دراوسێ دوو هەزار و 690 ئەفغانستانی، بە ناچاری یان ئارەزوومەندانە، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی تۆرخەم، سپین بۆڵداک و ئەنگور ئادا لە پارێزگای پاکتیکاوە گەڕاندوەتەوە
. زیادبوونی بەرچاوی دیپۆرتکردنەوەکان هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانیی رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان.
یان ئیگلاند، سکرتێری گشتیی رێکخراوی ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ کاروباری پەنابەران ئەم هەفتەیە رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا زیاتر لە 1.5 ملیۆن ئەفغانی لە ئێرانەوە گەڕێندراونەتەوە یان گەڕاونەتەوە کە زۆربەیان بێ ماڵ و حاڵ، پشتیوانی و سەرچاوەی دارایین.
ئیگلاند لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە: "ئەم گەڕاندنەوانە گوشارێکی بێوێنە لەسەر سیستمی مرۆیی لە ئەفغانستان دروستدەکەن. سیستەمەکە لە لێواری داڕماندایە."
دامودەزگەکانی ئێران مۆڵەتێکی نوێیان تاوەکو مانگی ئەیلوول بۆ ئەو ئەفغانییانە دیاریکردووە کە بەڵگەنامەیان نییە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەجێبهێڵن، ئەگەرنا رووبەڕووی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوە دەبنەوە.
بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 22 ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە. ئیگلاند داوای راگرتنی دەستبەجێی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی کردووە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە پشتیوانییەکانیان بۆ پەنابەرانی ئەفغانی و ئەو وڵاتانەی میواندارییان دەکەن، زیاد بکەن.
پاکستانیش هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی خێراتر کردووە، ئەوەش رەخنەی رێکخراوە مافپەروەرە نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتووەتەوە کە دەڵێن هاووڵاتییە ئەفغانستانییەکان بێ رێکاری یاسایی پێویست دەردەکرێن.
سەرچاوە: ڕووداو