کاتی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست
وەزارەتی دارایی دەڵێت، سبەی دووشەمممە، مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت. هەمان رۆژیش مووچەی مانگی نیسانی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.

دابەشکردنی مووچەکە لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، رۆژی دووشەممە مووچەی مانگی ئایاری ساڵی 2025 و مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی ساڵی 2024ـی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە لەدوای 1-7-2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون.
ئەو گرووپە فەرمانبەرانە شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
دوای ماوەیەک لە دواکەوتنی بەهۆی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لە کۆتایی هەفتەی رابردوو بەغدا پارەی مووچەی مانگی ئایاری بۆ هەرێمی کوردستان نارد.
لێکتێگەیشتنی هەولێر و بەغدا وایە کە هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لەگەڵ 120 ملیار داهاتی نانەوتیی مانگانە رادەست بکات و لە بەرامبەردا مووچەی مووچەخۆران لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
بۆ مانگی شەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە 120 ملیاری دیکە بنێرێت تاوەکو بەغدا مووچەکەی خەرج بکات. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی حەوتیش بۆ بەغدا دەنێرێت.
سەرچاوە: ڕووداو