کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان؛ کانیاوەکان وشکبوون و دانەوێڵە 70٪ کەمی کردووە

گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی کەمبارانییەوە زۆرینەی کانیاوەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوچوون و کاریگەری خراپیشی لەسەر ئاسایشی خۆراک و ئاو داناوە. گوتەبێژی یەکێتیی جووتیاران دەڵێت، "دانەوێڵە 70% کەمیکردووە".

تەمووزی 27, 2025 - 17:25
کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان؛ کانیاوەکان وشکبوون و دانەوێڵە 70٪ کەمی کردووە

د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ وشکەساڵی بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بووە هۆی لەنێوچوونی کانیاوەکان".

 بەگوتەی سەنعان عەبدوڵڵا، کەمیی باران و زۆری بەهەڵەمبوون زۆرترین کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی گەرمیان، خانەقین و دەشتی هەولێر هەبووە، "ئەوەش خاڵێکی نەرێنییە بۆ ئاسایشی ئاو و خۆراک لە ناوچەکەمان، بەتایبەت بۆ داهاتوو".

گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێت، "بەهۆی کەمبارانی و بەهەڵمبوونەوە گازی دوانۆکسیدی کاربۆن زیاد دەبێت و شێ کەم دەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆکاری وشکبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو بە ئاوی ژێرزەویشەوە".

 سەنعان عەبدوڵڵا پێیوایە ئەگەر گۆڕانکاری لە سیستمی ئاودێری نەکرێت، ساڵانی داهاتوو کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبارانی لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاتر دەردەکەون.
هەڵكەوت محەممەد، گوتەبێژی رێكخراوی یەكێتی گشتیی جووتیارانی ‏كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ بەراورد بەو ساڵانەی بارانی باش دەبارێت بەرهەمی دانەوێڵە بە نزیکەی 70% کەمیکردووە".

بە گوتەی گوتەبێژی یەكێتی جووتیاران، ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار تۆن بووە، بەڵام ئەم ساڵ بە ناوچەکانی مەخمووریشەوە گەیشتووەتە نزیکەی 700 هەزار تۆن.

هەڵکەوت محەممەد گوتی، "کەمبارانی بە پلەی یەک کاریگەریی لەسەر دەڤەری گەرمیان هەبووە، پاشان هەولێر بەگشتی و دەشتی هەولێر بەتایبەت، بەڵام دۆخی سلێمانی و دهۆک باشتر بووە، هەڵەبجەش لە هەموویان باشتر بووە".

 بەهۆی کەمبارانییەوە ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان چاندنی چەند بەرهەمێکی قەدەخەکرد، لەوانە گەنمەشامی، کە پێویستی بە ئاوی زیاترە بەراورد بە بەرهەمەکانی دیکە.

سەرچاوە: ڕووداو