حکومەتی ئەمریکا داوا دەکات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە.

شوبات 21, 2025 - 22:28
حکومەتی ئەمریکا داوا دەکات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە

هەشت سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە لە بەغدا، واشنتن و هەولێرەوە قسەیان بۆ ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گوشارەکانی لەسەر حکومەتی عێراق زیاد کردووە، بۆئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەگەرنا سزای بەسەردا دەسەپێنێت. رۆژی 17-02-2025 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "هەناردەکردن لە هەفتەیەکدا دەستپێدەکاتەوە. بەغدا رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت." بە گوتەی هەشت سەرچاوەکە، گوشارەکانی ئەمریکا بوونە هۆی ئەوەی وەزیری نەوتی عێراق ئەو لێدوانە بدات. بەرپرسێکی نەوتی عێراق لەو بارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسە هەواڵییە بەریتانییەکە کردووە و گوتوویەتی، واشنتن گوشار لە بەغدا دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێتەوە. دوو بەرپرسی ئەمریکاش پشتڕاستیان کردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی داوای لە حکومەتی عێراق کردووە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە. بەرپرسێکی کۆشکی سپییش لەو بارەیەوە دەڵێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان "بۆ ئاسایشی هەرێمایەتی گرنگە و رێگە بە هاوبەشە کوردەکانمان دەدرێت نەوتی خۆیان بنێرنە دەرەوە. ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی گازیش دابەزێت." دۆناڵد ترەمپ دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بەرامبەر ئێران جێبەجێ دەکاتەوە و هەناردەی نەوتیشی بۆ سفر دادەبەزێنێت. ئەو هەنگاوەی ترەمپ دەبێتە هۆی کورتهێنانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا. بەرپرسێکی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ ئەوەیە نرخی نەوت بەرزنەبێتەوە و گوشاری نەکەوێتەسەر". ئۆلێ هانسن، سەرۆکی بەشی ستراتیژییەتی کاڵاکان لە بانکی (ساکسۆ)ـی دانیمارکی دەڵێت: "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی نەوتی زیاتر لە بازاڕی جیهاندا گرنگە، ئەوەش دوای ئەوەی کورتهێنان لە چەند ناوچەیەک دروستبوو، لەوانەش کازاخستان و رووسیا". سەرچاوە: ڕووداو