رێباز محەممەد، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 15-10-2025 راگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ تورکیا 3ی مانگی داهاتوو دەستپێدەکەنەوە.
رێباز محەممەد گوتی، لە سەرەتاوە هەفتانە 5 گەشت دەبن، بەڵام دواتر گەشتەکان دەبنە رۆژانە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، زیانەکانی راگرتنی گەشتەکانی تورکیا بە زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن.
یەکەم جار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023 ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەک تورکیا دەیگوت.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
سەرچاوە: ڕووداو