کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەریی پەرلەمانی تورکیا گوێ لە ژنان و گەنجان دەگرێت

کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، کۆدەبێتەوە و گوێ لە رێکخراوەکانی ژنان و گەنجان دەگرێت.

تشرینی یەکە 15, 2025 - 13:44
تشرینی یەکە 15, 2025 - 13:45
کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەریی پەرلەمانی تورکیا گوێ لە ژنان و گەنجان دەگرێت
کۆمیسیۆنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2025، 15ـەمین کۆبوونەوەی خۆی ساز دەکات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆمیسیۆنەکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا گوێ لە نوێنەرانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA)، دەستپێشخەریی ژنان بۆ ئاشتی و کۆمەڵەی فۆرمی رێکخراوەکانی گەنجان (GOFOR) دەگرێت.
 
کۆمیسیۆنەکە رۆژی هەینی 17ی تشرینی یەکەمی 2025یش بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی شاری ئامەدی باکووری کوردستان دەکات و لەوێ بەشداری لە چەند کۆبوونەوەیەکدا دەکات و گوێ لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەگرێت.
 
کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەریی پەرلەمانی تورکیا لە 51 ئەندام پێکهاتووە و یەکەمین کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 05-08-2025 سازکرد و تائێستا 14 کۆبوونەوەی کردووە و لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان گفتوگۆی پرۆسەی چارەسەری کردووە.
 
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە یەکی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. 
 
پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.