پەروین بوڵدان: ئۆجەلان پێی گوتین سووریا و رۆژئاوا بۆ من جیاوازن

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پارتی دیموکراتی گەلان - دەم پارتی رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆبوونەوەیەکدا پێی گوتوون، "رۆژئاوا بۆ من هێڵی سوورە و ئەوێ بۆ من جیاوازە." جەختی لەوەش کردەوە، ئۆجەلان جگە لەمە، هیچ هەڵسەنگاندنێکی دیکەی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لەگەڵ ئەوان نەکردووە، ئەم بابەتەی لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا گفتوگۆ کردووە.

ايلول 3, 2025 - 10:19
پەروین بوڵدان: ئۆجەلان پێی گوتین سووریا و رۆژئاوا بۆ من جیاوازن
پەروین بوڵدان رۆژی سێشەممە 02-09-2025 بەشداریی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی کرد و باسی پرۆسەی چارەسەری و دوایین پێشهاتەکانی کرد.
 
لەبارەی هەڵوێست و بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر رۆژئاڤای کوردستان، بوڵدان گوتی، "لەگەڵ ئێمەدا، واتە لەگەڵ شاندی دەم پارتی، تەنیا باسی سیاسەتی تورکیای کرد، بەڵام چەند جارێک گوتوویەتی: 'سووریا و رۆژئاوا هێڵی سووری منن. بۆ من ئەوێ جیاوازە.' واتە چەند جارێک لەسەر سووریا ئەمەی خستووەتەڕوو؛ بەڵام جگە لەوە، لەبارەی سووریا و رۆژئاوا هیچ هەڵسەنگاندنێکی دیکەی لەگەڵ ئێمە نەکردووە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، بە گشتی ئەمەی لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا تاوتوێ کردووە و کێشەکەی لەوێ گفتوگۆ کردووە و گوتوویەتی ئەگەر دەرفەت دروست ببێت زەمینە بڕەخسێنرێت، دانوستاندن لەو بارەیەوە بە گرنگ دەزانێت."
 
ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا، ئۆجەلان چەند جارێک جەختی کردووەتەوە کە دانوستاندن لەگەڵ رۆژئاوا گرنگە و گوتی، "ئەو ئاماژەی بەوە کرد، دەیەوێت لەگەڵیان گفتوگۆ بکات کە لەم بابەتەدا چ ڕێگەیەک پێویستە بگیرێتەبەر و چ بڕیارێک پێویستە بدرێت. ئەمە هێشتا بەدی نەهاتووە، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین ئەگەر لە پرۆسەکەدا پێشکەوتن دروست ببێت و دەرفەت فەراهەم بکرێن و لەگەڵ بەرپرسانی رۆژئاوا پەیوەندی و کۆبوونەوە دروست ببن، من پێموایە ئەم بابەتە بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت."
 
هاوکات سەرنجی خستە سەر لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و ئەوەی خستەڕوو، "تورکیا دەبێت لە بابەتی رۆژئاوا و سووریا لەپاڵ گەلی کورد بێت. ئێستا جیاکردنەوەی کورد لەوێ، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک لەسەر کورد، نەهێشتنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد هیچ سوودێک بە تورکیا ناگەیەنێت و کوردەکانی تورکیاش ئەمە قبووڵ ناکەن. دەبێت ئەمە بەم شێوەیە باس بکرێت، بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکەش بە شێوازێکی راستتر، من پێموایە پێویستیمان بە بیرکردنەوەیەکی ژیرانە و بڕیاری دروست هەیە."
 
پەروین بوڵدان راشیگەیاند، رۆژئاوای کوردستان هەستیارترین بابەتی گەلی کوردە و گوتی، "ئێمە لە تورکیا چەندە هەنگاوی گرنگ لە بواری دیموکراسیدا بنێین، بەڵام لە رۆژئاوا هەر کەموکوڕییەک، هەر ئۆپەراسیۆنێک کە لەوێ بکرێت، دەبێتە هۆی وێرانکارییەکی گەورە لەنێو گەلی کورددا. لەبەر ئەم هۆکارە، ئەمە شتێکی قبوڵکراو نییە و کەسیش ئەم رێگەیە قبوڵ ناکات. لە سەرووی هەمووشیانەوە بەڕێز ئۆجەلان قبوڵی ناکات."
 
بوڵدان بە پێویستی دەزانێت لیژنەی پەرلەمانیی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە و گوتی، "ئێستا چوونی لیژنەکە بۆ دوورگەی ئیمراڵی گرنگە. چونکە لەگەڵ ئاکتۆری کێشەکە کۆدەبێتەوە. بۆ هەردوولا ئاکتۆر هەن. بەڕێز ئۆجەلان هەیە کە پەکەکە پێی گوتووە وتوێژکاری سەرەکیی منە. ئەگەر بەڕێز ئۆجەلان بانگەوازەکەی نەکردبا و بە پەکەکەی نەگوتبا کۆنگرەی خۆتان ببەستن و خۆتان هەڵبوەشێننەوە، ئایا پەکەکە کۆنگرەی دەبەست و خۆی هەڵدەوەشاندەوە؟ نەخێر. ئایا ئەو پێشکەوتنانەی تا ئێستا بەدیهاتوون، دەگەیشتنە ئەم قۆناخەی ئێستا کە ئێمە تێیداین؟ نەخێر نەدەگەیشتن. هەموو ئەمانە لەڕاستیدا بە بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان بەدیهاتن و رێکخراوێک هەیە کە گوێڕایەڵی ئەوە. هەر بۆیە نەچوونی لیژنەکە و گوێ نەگرتن لە بەڕێز ئۆجەلان هەڵەیەکی گەورەیە. ئێستا بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت، زۆر شت هەن کە پێویستە بە لیژنەکەی بڵێم."
 
هەموو ئەمانە لە کاتێکدان کە بەرپرسانی دەسەڵات بە ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)وە داوا لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن چەک دابنێت.
سەرچاوە: ڕووداو