هیومەن رایتس وۆچ: هەموارى یاسای بارى کەسیى عێراق رەوایى دەداتە هاوسەرگیریی تۆمارنەکراو
رێکخراوى هیومەن رایتس وۆچ رایگەیاند، هەموارى یاسای بارى کەسیی عێراق رەوایى دەداتە هاوسەرگیریى تۆمارنەکراو، مافى یەکسانى لەبەردەم یاسا بۆ هەموو عێراقییەکان پەک دەخات و لە دژى دوو پەیماننامەى نێودەوڵەتییە کە پێشتر عێراق واژۆى کردوون.

ئەمڕۆ دووشەممە 10-03-2025 رێکخراوى جیهانیى چاودێریى مافى مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) راپۆرتێکى لەبارەى هەموارى یاسای بارى کەسى بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەیدا هیومەن رایتس وۆچ ئاماژەى بەوە داوە، ئەو هەموارە چەندین خاڵى تێدایە کە هەڕەشەن بۆسەر مافى ژنان و کچان، رێگرى لە گۆڕینى ئەو مەزهەبەى هاوسەرگیریى لەسەر دەکرێت وادەکات سیستمى یاسایی جیاواز دروست ببێت، ئەوەش مافى یەکسانى لەبەردەم یاسا بۆ هەموو عێراقییەکان پەک دەخات، کە دەستوورى عێراق دەستەبەرى کردووە.
17ى شوباتى 2025 هەموارى یاسای بارى کەسى چووە وارى جێبەجێکردنەوە، کە ئامانج لێى جێبەجێکردنى مەزهەبى جەعفەریى شیعەیە لەو یاسایەدا. سارە سونبر، لێکۆڵەرى کاروبارى عێراق لە رێکخراوى هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، "مایەی نیگەرانییەکى زۆرە سەرکردەکانى عێراق دەیانەوێت وڵاتەکەیان بەرەو دواوە ببەن، لەبرى ئەوەى بەرەو پێشەوەى ببەن لە بوراى مافى ژن و کچان."
هەموارى یاساکە تەمەنى هاوسەرگیریى لەنێوان 15 بۆ 18 ساڵ هێشتووەتەوە، لەگەڵ ئەوەى هەوڵدرا تەمەنەکە بگەیێندرێتە 9 ساڵان، بەڵام بەگوێرەى هیومەن رایتس وۆچ، هێشتا ئەوەش یەکناگرێتەوە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، کە تەمەنى هاوسەرگیرى بەوە دانراوە نابێت لە 18 ساڵ کەمتر بێت.
بەگوێرەى ئامارى رێکخراوى یونسێف، 28%ى عێراقییەکان بەر لە تەمەنى 18 ساڵى هاوسەرگیرى دەکەن. هیومەن رایتس وۆچ رایگەیاندووە، هەموارى یاساکە پارێزگاریى لە فرەژنى کردووە و سەرەڕاى گۆڕانکارییەکانى پێش دەنگدان، هێشتا یاساکە مافى ژنان پێشێل دەکات و رەوایى دەداتە هاوسەرگیریى تۆمارنەکراو، کە بۆشاییەکى یاساییە بۆ رێگەدان بە هاوسەرگیریى منداڵ.
رێکخراوەکە ئامارێکى یونامى بڵاوکردووەتەوە، گوایە 22%ى ئەو ژنانەى هاوسەرگیرییان تۆمار نەکراوە، تەمەنیان خوار 14ساڵانە. جێبەجێکردنى هەموارەکە چاوەڕێى تۆمارى شەرعیی وەقفى شیعەیە، کە دەبێت پەرلەمان پەسندی بکات، بۆئەوەى لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لە پرسى هاوسەرگیری و جیابوونەوە بکرێت. بەگوێرەى راپۆرتەکە، لە مەزهەبی جەعفەریدا ژنى تەڵاقدراو مافى ئەوەى نییە ببێتە خاوەنى خانوو یان نەفەقەى هاوسەرگیرى و مارەیى و تەنیا بۆ دوو ساڵیش منداڵەکانى لەلای دەبێت.
هیومەن رایتس وۆچ رایگەیاندووە، ئەو هەموارە پێچەوانەى رێککەوتننامەى کۆتاییهێنانە بە هەموو جۆرەکانى جیاکاری لە دژى ژنان (سیداو)، کە ساڵى 1986 عێراق واژۆى کردووە، هەروەها لە دژى رێککەوتننامەى مافى منداڵە کە عێراق لە ساڵى 1994 واژۆی کردووە.
سارە سونبر دەڵێت، "کاریگەرییەکانی پەسندکردنى ئەو یاسایە بەردەوام و زۆر دەبێت، ئەگەر هەیە بە زیانى سەربەخۆیی ژنان و کچان و تواناى بڕیاردانیان بشکێتەوە و پێکهاتەى کۆمەڵگەى عێراقى بگۆڕێت."
سەرچاوە: ڕووداو