بڕیارە لیژنەکە کاژێر 14:00ـی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە (19 و 20ـی ئاب) لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی پەرلەمانی تورکیا کۆبێتەوە و گوێ لە داواکاری و سەرنجی چەندین رێکخراو و کەسایەتی بگرێت.
رۆژی سێشەممە 19ـی ئاب، ماهینوور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا گوتارێک پێشکەش دەکات. دواتر نوێنەرانی ژمارەیەک کۆمەڵە و دامەزراوە قسە دەکەن. پاشان، لیژنەکە گوێ لە دایکانی ئامەد دەگرێ.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئاب، لیژنەکە لەگەڵ دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی کۆدەبێتەوە. دواتریش، نوێنەرانی هەریەک لە دامەزراوەی ماف و ئازادییەکان و یارمەتییە مرۆییەکان (IHH)، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD)، کۆمەڵەی هاودەنگی بۆ مافی مرۆڤ و ستەملێکراوان (MAZLUMDER) و دامەزراوەی مافی مرۆڤی تاهیر ئەڵچی بەشدار دەبن و بۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو.
دایکانی ئاشتی بریتییە لە زاراوەیەک بۆ دایکانی گەریلاکان و لە ساڵی 1999 وەک دەستپێشخەرییەک بۆ راگرتنی شەڕ دامەزرا.
دایکانی شەممە لە 1996ـەوە رۆژانی شەممە لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەڕای لە ئیستەنبووڵ کۆدەبنەوە و دایکی ئەو کەسە بێسەروشوێنانەن لە رووداوەکانی بکوژی نادیار رۆڵەکانیان لەدەستداوە. دایکانی ئامەد لە 2019ـەوە لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە ئامەد کۆدەبنەوە و دایکی ئەو گەریلایانەن دەڵێن پەکەکە رۆڵەکانی رفاندوون.
سەرچاوە: ڕووداو