جزیرێ و سلۆپی گەرمترین دوو ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیان
هەریەک لە شارۆچکەکانی جزیرێ و سلۆپی لە شرنەخی باکووری کوردستان دوو گەرمترین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیان. پلەی گەرما لەو دوو ناوچە گەیشتە 46 پلەی سیلیزی.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا بڵاویکردەوە، کاژێر 09:00ـی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی تەممووزی 2025، هەردوو شارۆچکەی جزیرێ و سلۆپی سەر بە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان 35 پلەی سیلیزی تۆمارکرد و کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ پلەی گەرما لەم دوو شارۆچکەیە گەیشتە 46 پلەی سیلیزی. بەمەش سەرباری ئەوەی ژمارەی پێوانەیی شکاند، هاوکات وەک دوو گەرمترین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیاش دەستنیشان کران.
بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاند، پلەی گەرما تەنیا ئەمڕۆ لە 50 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا 6-12 پلەی سیلیزی بەرز بووەتەوە. لە زۆربەی پارێزگاکاندا داوا لە خەڵک کراوە لە ماڵ بمێننەوە و خۆیان لە تیشکی خۆر بپارێزن.
هەریەک لە پارێزگاکانی شرنەخ، سێرت، مێردین، رووها، ئێلیە، دیلۆک، مەرەش، مەلەتێ، سەمسوور و چەولیگ، پلەی گەرما تێیاندا لە نێوان 44-46 پلەی سیلیزی بووە. هەروەها پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، دێرسم، وان، ئاگری، ئیدر، بەدلیس و مووش پلەی گەرما گەیشتە 36 پلەی سیلیزی و بۆ ئەم پارێزگایانە ئەم پلەیە ژمارەی پێوانەییە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەسناسیی تورکیا پێشبینی دەکات، سبەی هەینی 25ـی مانگ، دۆخی گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوینە چەند پارێزگای دیکەش بگرێتەوە و ئەو پارێزگایانەی 46 پلەی سیلیزییان تێپەڕاند دۆخەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتریشی هەیە.
سەرچاوە: ڕووداو