هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی سەرۆکی جەهەپە دەکەن

هاوسەرۆکانی دەم پارتی سبەی پێنجشەممە 11-9-2025 سەردانی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەکەن.

ايلول 10, 2025 - 19:02
هاوسەرۆکانی دەم پارتی سەردانی سەرۆکی جەهەپە دەکەن
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2025، لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، هاوسەرۆکانیان تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، رۆژی پێنجشەممە کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆ، سەردانی نووسینگەی جەهەپە لە ناوچەی سارییەری ئیستەنبووڵ دەکەن و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە کۆدەبنەوە.
 
ئەو سەردانە لە کاتێکدایە ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەتی تورکیا لە دژی جەهەپە زیادیان کردووە. رۆژی سێشەممە، 2-9-2025، دادگەی ئیستەنبووڵ، بە بڕیارێک 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی رێکخستنەکانی جەهەپەی ئیستەنبووڵی هەڵوەشاندەوە؛ هاوکات ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپەی لەکارلادا و گورسەل تەکینی لە شوێنەکەی دانا. هەروەها دەستەی کارگێڕیی لادا و کەسانێکی دیکەی لە شوێنەکانیان دانا.
 
ئەو سەردانەی دەم پارتی لە میدیای تورکیادا وەکو سەردانی دڵنەوایی و گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی هەنووکەیی تورکیا و پرۆسەی چارەسەری لێکدەدرێتەوە.
 
بەشێک لە بەرپرسانی دەم پارتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو کاتانە بەبیر جەهەپەییەکان دەهێننەوە کە شارەوانییەکانی دەم پارتی لەلایەن دەسەڵاتەوە قەییومیان لەسەر دادەنرا. ئەو بەرپرسانەی دەم پارتی دەڵێن، ئەوکات جەهەپە تەنیا بینەر بووە و هیچ هەڵوێستێکی نەبووە.
 
جەهەپە دژایەتیی خۆی لە بەرامبەر پرۆسەی چارەسەری رانەگەیاندووە و بە پێچەوانەی پرۆسەی چارەسەریی 2013، ئەمجارە بەشداریی لەو لیژنەیەدا کردووە کە تایبەت بە پرۆسەکە پێکهێندراوە، کە ناوی 'پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'یە و لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیاوە پێکهێندراوە.
 
لیژنەکە لە 51 ئەندام دێت؛ ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، رێبازی نوێ 3 ئەندامی بەردەکەوێت. 
 
هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاری، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش هەریەکەیان ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
 
جگە لە ئیی پارتی کە کشایەوە، تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەشدارییان لەو لیژنەیەدا کردووە.
 
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی 9-9-1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و یەکەمین سەرۆککۆماری تورکیا  دامەزراوە. 
 
ساڵی 1923 تاوەکو 1950جەهەپە 17 جار حکومەتی پێکهێناوە؛ دواتر بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردەی لێ جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسی دامەزرێندران.
 
لە کودەتاکەی 1981 جەهەپە بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و دواتر بە بڕیاری دادگەی دەستووریی تورکیا کرایەوە.
سەرچاوە: ڕووداو