باکرهان لەبارەی پێشنیازەکەی باخچەلی: بۆچی سەرۆککۆماریش کورد نەبێت؟
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان- دەم پارتی، لەبارەی پێشنیازی سەرۆکی مەهەپە کە گوتبووی "با سەرۆککۆمار دوو یاریدەدەری هەبێت، یەکێکیان کورد و ئەوەی دیکەیان عەلەوی بێت" دەڵێ، "بۆچی سەرۆککۆماریش کورد نەبێت؟".

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رۆژی سێشەممە، 22 ـی تەممووزی 2025 پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکەی لە ئەنقەرە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی سازدا.
لە بەشی پرسیار و وەڵامی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، دەربارەی پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە لە 18 ـی تەمموزی 2025 کە لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی و دەستەی دیسپلینی ناوەندی حیزبەکەی، گوتبووی: ''با سەرۆککۆمار دوو یاریدەدەری هەبێت، یەکێکیان کورد و ئەوی دیکەیان عەلەوی بێت" پرسیار لە باکرهان کرا.
باکرهان لە وەڵامدا گوتی: "بۆچی سەرۆککۆماریش کورد نەبێت؟ ئێمە بەربژێرین بۆ بەڕێوەبردن".
ئاماژەی بەوەدا، "لە قۆناخی داهاتوودا هاوکێشەی سیاسی و زەمینە چۆن دەبێت، ئەوە زۆر نازانم، بەڵام بێگومان بەشداریکردنی هەموو رەنگ و جیاوازییەکانی وڵاتەکەمان لە بەڕێوەبردن و نوێنەرایەتیکردنیان، شتێکی بەنرخ و بەهادارە".
باکرهان، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی دوێنێی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی- میت بۆ لای فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان گوتی: "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ هەواڵگریی نیشتمانی نهێنییە. بۆیە ناڵێم باسی چیمان کردووە، بەڵام باش بەڕێوەچوو، ئەرێنی بوو. دۆخەکەمان هەڵسەنگاند، ئەوان زانیارییان پێداین. تەنیا دەتوانم ئەوەندە بڵێم."
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا-میت، رۆژی دووشەممە 21ـی تەمموزی 2025 دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە و فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمان، لەگەڵ فراکسۆینی دەم پارتیش کۆبووەوە.
کاڵن، سەبارەت بە پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە سەردانی ئەو پارتە سیاسیانە دەکات کە لە پەرلەمانی تورکیا فراکسیۆنیان هەیە.
سەرچاوە: ڕووداو