نێچیرڤان بارزانی: پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ ئێران هەیە و رۆژ بە رۆژ گەشە دەکات
نێچيرڤان بارزانى لە کۆڕبەندی "تاران بۆ گفتوگۆ" رایگەیاند، "پەیوەندییەکی مێژوویمان لەگەڵ ئێران هەیە و رۆژ بە رۆژ گەشە دەکات."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی دوێنێ شەممە، بە سەردانێکی فەرمیی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "دیالۆگی تاران"، گەیشە ئێران. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا لەبارەی چەندین پرسی تایبەت بە ناوچەکە قسەی کرد.
نێچیرڤان بارزانی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماریی ئیسلامیی ئێران کرد و گوتی، "پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، ئەم پەیوەندییانە رۆژ دوای رۆژ گەشە دەکەن." گوتیشی، "ئێران یەکەم وڵات بوو لە کاتی شەڕی داعش یارمەتیی هەرێمی کوردستانی دا."
لە تەوەرێکی دیکەدا، نێچیرڤان بارزانی باسی لە پێشکەوتنی عێراق و پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، "عێراق وڵاتێکی زۆر گرنگە و دەتوانێت لە داهاتوودا رۆڵێکی زۆر گرنگ ببینێت."
لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش گوتی، "بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا ناکات. بەغدا دەبێت پرسی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات."
نێچیرڤان بارزانی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای بۆ جێبەجێکردنی دەستوور گەڕاندەوە و گوتی، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان داهاتوومان لەو چوارچێوەیەدا دەبینینەوە و دڵنیاین ئەگەر بیانەوێت دەستوور جێبەجێ بکەن، عێراق دەتوانێت زۆربەی کێشەکانی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی چارەسەری تورکیاش قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، "پرۆسەیەکە لە تورکیا دەستی پێکردووە، پرسی کورد بە شەڕ و خوێن چارەسەر ناکرێت. ئێمە یارمەتیی پرۆسەکە دەدەین، نەک دەستوەردان بکەین. ئەم پرۆسەیە جیدییە."
کۆڕبەندی "دیالۆگی تاران" دوو رۆژ بەردەوامدەبێت و بەیانی کۆتایی دێت.
هەرێمی کوردستان و کۆماریی ئیسلامیی ئێران پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە. لە پارەوە، ئەمە چوارەم سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ تاران.
سەرچاوە: ڕووداو