سەردانی نێچیرڤان بارزانی لە میدیای ئێرانیدا؛ 'وەکو سەرۆک پێشوازیی لێکرا'
نێچیرڤان بارزانی، بە سەردانێکی فەرمی لە تارانی پایتەختی ئێرانە و ئەمڕۆ دوای ئامادەبوونی لەگەڵ "کۆربەندی دیالۆگی تاران"، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە کۆبووەوە.

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، لە میدیای ئێرانیدا بووە رۆژەڤ و بایەخێکی زۆریان پێدا.
نوور نیوز: سەردانەکە پێشاندەری خواستی هەردوولایە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان مالپەڕی نوور نیوزی نزیک لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران، باسی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دەکات و دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی رۆژی شەممە، 17ی ئایاری 2025 بۆ بەشداریکردن لە کۆربەندی گفتوگۆی تاران گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و بالیۆزی عێراق لە تاران بە فەرمی پێشوازی لێکرا. مالپەڕە هەواڵییەکە هەروەها دەڵێت: "ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم کۆڕبەندەدا بە نیشانەی خواستی هەردوولا دادەنرێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکاری لە بوارەکانی ئەمنی و ئابووری و سیاسیدا."
تابناک: بارزانی دەڵێت کێشەی کوردستان بە تووندوتیژی چارەسەر نابێت ماڵپەری هەواڵیی تابناک، گرنگی بە قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆربەندی دیالۆگی تاران داوە و نووسیویەتی، نێچیرڤان بارزانی لە کۆربەندەکەدا باسی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئێران-عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "پەیوەندی مێژوویی، کولتووری و سیاسیی فراوانمان لەگەڵ ئێران هەیە و ئێستاش پەیوەندییەکانمان لە هەموو بوارەکاندا بەرەوپێش دەچن." ماڵپەرەکە هەروەها دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆربەندی دیالۆگی تاران-دا سەبارەت بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "ئێران وڵاتێکە ئێمەی وەکو هاووڵاتیی خۆی قبووڵ کرد. یادەوەرەییەکانمان لە ئێران هەمیشەیین. هەر کاتێک سەردانی ئێران دەکەم، پێمخۆشە جارێکی دیکە سەردانی عەزیمییەی کەرەج بکەم. زۆر شتی هاوبەشمان هەیە. ئێمە ئێران بە ماڵی خۆمان دەزانین."
بەپێی ماڵپەرەکە، نێچیرڤان بارزانی لە کۆربەندەکەدا ئاماژە بە کێشەی کورد لە ناوچەکە کردووە و رایگەیاندووە، "کێشەی کوردستان بە تووندوتیژی چارەسەر نابێت". هەروەها پشتگیری هەرێمی کوردستانی بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەش دەربڕیوە و گوتوویەتی: "تورکیا ئامادەیی خۆی راگەیاندووە. لایەنەکان لە پرۆسەی ئێستادا ئیرادەی جیدی خۆیان دەربڕیوە. هەروەها ئیمەش ئامادەیی خۆمان بۆ هاوکاریکردن لەم پرۆسەیەدا دەربڕیوە."
تۆڕی شەرق: نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆک پێشوازی لێکرا تۆڕی شەرق کە میدیایەکی گەورەی دیجیتاڵییە لە ئێران، ئاماژە بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران دەکات و نووسیویەتی، "سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆربەندی دیالۆگی تاران سەردانی ئێرانی کردووە، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دواتریش لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەوە."
تۆڕە هەواڵییەکە هەروەها دەڵێت، لە دیداری نێوان عەباس عێراقچی و نێچیرڤان بارزانی دا، ئاڵای هەرێمی کوردستانیش لە تەنیشت ئاڵای ئێران و عێراق دانرابوو. سەبارەت بە کۆبوونەوەی مەسعود پزیشکیان و نێچیرڤان بارزانیش، تۆڕەکە نووسیویەتی، "پێشوازیکردن لە بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پزیشکیان، لە ئاستی سەرۆکدا بوو."
خەبەر ئۆنلاین: بارزانی دەڵێت قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکان دەستپێکردووە ئاژانسی خەبەر ئۆنلاینی ئێرانی لەبارەی سەردانەکەوە نووسیویەتی، نێچیرڤان بارزانی لە کۆربەندی دیالۆگی تاران ئاماژە بە گرنگیی پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان کردووە و جەختی لەوە کردووە، "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن هەرێمی کوردستان ببێتە مەترسی بۆ دراوسێکانی، بە تایبەتیش ئێران". ئاژانسەکە بە گرنگییەوە باسی قسەکردنی سەرۆکی هەرێـمی کوردستان بە زمانی فارسی لە کۆڕبەندی دیالۆگی تاران دەکات و دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لە قسەکانیدا جەختی لە پەیوەندی مێژوویی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کرد و رایگەیاند، "لە شەڕی دژی داعشدا ئێران یەکەمین وڵات بوو کە هاوکاریی ئێمەی کرد و زیاتر گەشە بە پەیوەندییەکانمان دەدەین."
خەبەر ئۆنلاین هەروەها ئاماژە بە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرنگی سەردانی پێشووتری بۆ تاران و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و دەڵێت، "بارزانی پێیوایە، دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامی، خاڵی وەرچەرخان بووە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران." ئاژانسەکە هەروەها باسی لەوە کردووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ ناودەبات و لەوبارەوە دەڵێت: "دوای سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەستپێکردووە."
ئاژانسی میهر لە زاری نێچیرڤان بارزانییەوە: هەرێمی کوردستان نابێتە بنکەیەک بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران ئاژانسی هەواڵیی نیمچە فەرمیی مێهر لە هەواڵێکدا باسی دەستپێکردنی کۆربەندی دیالۆگی تاران دەکات و بە گرنگییەوە باسی بەشداریی نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆربەندەکەدا دەکات و سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو یەکێک لە میوانە گرنگەکانی کۆربەندەکە ناودەبات.
ئاژانسەکە نووسیویەتی، "کۆربەندی دیالۆگی تاران ئەمڕۆ یەکشەممە بە شداری 200 شاند و ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای 53 وڵات دەستیپێکرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. سراجەدین موهرەدین، وەزیری دەرەوەی تاجیکستان، ئارمن گریگوریان، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئەرمینیا، ئەمیرخان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشداربووەکانی کۆربەندەکەن."
ئاژانسە ئێرانییەکە، ئاماژە بە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئێران و لەوانەش، کۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و محەممەدباقر قالیباف کردووە و دەڵێت، لە کۆبوونەوەکاندا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە تایبەت لە بواری ئابووری و کولتووریدا کردەوە.
ئاژانسەکە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانی خستووتەڕوو و نووسیویەتی، محەممەدباقر قالیباف لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە: " باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت وڵاتانی ئیسلامی، لە کارە لەپێشینەکانی حکومەت و پەرلەمانە ئێرانە. بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی هاوکاریی نێوانیان، ئێستاش پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان ئێران-عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە." بە پێی ئاژانسەکە، قالیباف جەختی لە گرنگیی بڕەودان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان کردووە و گوتوویەتی، بڕەودان بە پەیوەندییە ئابوورییەکان دەبێتە هۆی سەقامگیری ئەمنی لە ناوچەکەدا.
ئاژانسی هەواڵی مێهر هەروەها باسی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کردووە و نووسیویەتی، "بارزانی لە دیدارەکەدا راگەیاند بەم نزیکانە پارێزگارەکانی پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە شاری سنە کۆدەبنەوە و ئەمە دەکرێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ ئاسانکاری بۆ کاروبارەکان."
سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکانیش، ئاژانسەکە دەڵێت، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاسایشی ئێران بە ئاسایشی خۆمان دەزانین. پێشکەوتنی گەورە لە پرسە ئەمنییەکاندا هەبووە. پابەندبوونی ئێمە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان نابێتە بنکەیەک بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی."
ئاژانسی تەسنیم لە زاری نێچیرڤان بارزانییەوە: پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران مێژووییە بەپێی راپۆرتێکی بەشی نێودەوڵەتیی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارەمین کۆربەندی گفتوگۆی تاران و هەروەها دیدار و گفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کردەوە و رایگەیاند: "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێران، مێژوویی، فەرهەنگی و زمانەوانییە. نزیکەی لەسەدا 60ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق، لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوەیە. ئاستی پەیوەندییەکانیش رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو باشتر دەڕوات."
ئاژانسەکە نووسیویەتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانیدا بەردەوام باسی لەوە کردووە، راستە کە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەوراز و نشێوی زۆر هەبووە، بەڵام دوای کۆبوونەوەی پێشووتری لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، هەروەها سەردانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێستای ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گەشەیان کردووە و "قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییەکان لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە."
پزیشکیان بۆ بارزانی: ئێمە بەڕاستی ئێوە بە برای خۆمان دەزانین ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، بە گرنگییەوە باسی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کردووە و نووسیویەتی، هەردوولا جەختیان لە برەودان بە هاوکاری و پەیوەندی بە تایبەت لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا کردەوە. ئاژانسەکە باس لە کۆبوونەوەی نێوان مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و نووسیویەتی، پزیشکیان لە دیدارەکەدا بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوتووە: "ئێمە بەڕاستی ئێوە بە برای خۆمان دەزانین و پێمانوایە لە رێگەی هاوکاری و کارلێکی هاوبەشەوە دەتوانرێت هەنگاوی گەورە و کاریگەر بەرەو گەشەکردن و گەشەپێدانی ناوچەکە بنرێت."
بە پێی راپۆرتی ئاژانسەکە، مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، ئێران و هەرێمی کوردستان دەتوانن لە بوارەکانی وەک سنوور، بازرگانی، ئابووری، وەبەرهێنان، زانستی و کولتووریدا بڕەو بە پەیوەندییەکانیان بدەن و لەوڕووەوە هەردوولا توانای زۆریان هەیە.
رۆژی شەممە، 17ی ئایاری 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە "کۆڕبەندی دیالۆگی تاران" گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. ئەمڕۆ یەکشەممە لە پانێلێکی تایبەتدا لە کۆڕبەندەکە قسەی کرد و باسی لە چەندین بابەتی پەیوەست بە ناوچەکە کرد؛ لەنێویاندا پەیوەندیی "مێژوویی" نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سەرچاوە: ڕووداو