ڕۆژنامەی ئەلشەرق: کوردستان پەرۆشی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ قەتەر

سەرچاوە: https://Al-sharq.com
وەرگێڕانی: پرێس ئین
پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی قەتەر و هەرێمی کوردستان لە ساڵانی دواییدا گەشەسەندنێکی بەردەوامیان بەخۆوە بینیوە، پاڵپشت بە ڕوانینێکی هاوبەش بەرەو فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی سیاسی، ئابووری و وەبەرهێنان. چاوەڕوان دەکرێت بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە مانگی دیسەمبەری داهاتوودا سەردانی دەوحە بکات، لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، بۆ بەشداریکردن لە کارەکانی دیداری دەوحە. ئەم سەردانە خەسڵەتێکی ستراتیژیی هەیە لە سایەی ئەو ڕۆڵە کاریگەرەی کە قەتەر لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا هەیەتی، هاوشان لەگەڵ خواستی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەجۆرکردنی هاوبەشیە ئابووریەکانی و کرانەوە بە ڕووی هاوبەشی نوێدا. پەیوەندییەکانی قەتەر-کوردستان لە سەردەمی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا، هەماهەنگیی زیاتری دیپلۆماسی و ئابووری بەخۆوە بینیوە، هەروەها دیدارە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی هەردوولا یارمەتیدەر بوون لە بەهێزکردنی پردەکانی متمانە و دروستکردنی ژینگەیەکی دیالۆگی بەرهەمدار کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ هاوکاریی درێژخایەن. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی خۆی بۆ بانگهێشتی قەتەر دەربڕیوە و لە لێدوانێکیدا جەختی کردۆتەوە کە "قەتەر دەوڵەتێکی گرنگە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، وە ئێمە دەبینین کە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان لە بەرژەوەندی سەقامگیری و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەیە بەگشتی". لە لایەکی ترەوە، بەڕێز حوسێن بن عەلی ساڵح ئەلفەزاڵە، کونسوڵی گشتیی دەوڵەتی قەتەر لە هەولێر، ئاماژەی بەوە کردووە کە: "ئێمە پابەندین بە پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وە دەرفەتی گەورە دەبینین لە کەرتە گرنگەکاندا کە شایستەی بەدواداچوون و وەبەرهێنانی هاوبەشن." چاوەڕوان دەکرێت سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی یارمەتیدەر بێت لە فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری و ئامادەکردنی زەمینە بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەییشتن و ڕێککەوتننامەی داهاتوو، بەتایبەتی لە سایەی ئەو سەقامگیریە ڕێژەییە و ژینگە یاساییە هاندەرەی وەبەرهێنان کە هەرێم هەیەتی. هەردوو لا جەخت دەکەنەوە لەسەر پەرەپێدانی هاوکاری لە چەندین بواری گرنگدا، لەوانە: - وزە: قەتەر یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گاز لە جیهاندا، و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدوای سوودوەرگرتندا لە شارەزایی قەتەر دەگەڕێت بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتەکانی گاز و نەوت. - کەرتی وەبەرهێنان: هەرێم ژینگەیەکی ڕاکێشەرە بۆ سەرمایە، کۆمپانیاکانی قەتەریش بایەخیان نیشانداوە بە چوونە ناو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بوارەکانی خانووبەرە، گەشتیاری و خزمەتگوزاریە لۆجستیەکاندا.