کۆمەڵی دادگەری کۆنگرەی پێنجەم دەبەستێت؛ دوو پێشنیاز بۆ ناوی حیزبەکە کراون

ئەمڕۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لە شاری هەولێر دەبەستێت، تێیدا جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، گۆڕینی ناوی حیزبەکەش بۆ "کۆمەڵی ئیسلامی" یەکێکە لە ئەگەرەکان. ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای ئەو حیزبەش دەڵێت، هەرچەندە زۆرینەی ئەندامان دەیانەوێت مامۆستا عەلی باپیر بەردەوام بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی خۆی بەربژێر نەکردووە.

تەمووزی 19, 2025 - 11:29
کۆمەڵی دادگەری کۆنگرەی پێنجەم دەبەستێت؛ دوو پێشنیاز بۆ ناوی حیزبەکە کراون

شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنگرەکە دوو رۆژ دەخایێنێت و 910 ئەندام مافی بەشداریکردنیان هەیە کە نزیکەی 180 کەسیان ئافرەتن. ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 80 کەس خۆیان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەربژێر کردووە.

سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتیی حیزبەکە، شوان رابەر گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک خۆی بەربژێر نەکردووە و ناوی نەداوەتە لیژنەی باڵای ئامادەکاری، تەنانەت ناوی مامۆستا عەلی باپیريش وەکو خۆی بە فەرمی دیار نییە."

 ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵا ئاشکرای کرد کە لە رابردوودا عەلی باپیر ویستوویەتی لە کاری حیزبی دووربکەوێتەوە، بەڵام "کەسانێک لە کۆمەڵ، بەتایبەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا و سەرکردایەتی رێگەیان پێنەداوە"؛ گوتیشی: "بۆ ئەمجارەش هەر رێگەی پێنادەین و هەر دەمانەوێ خۆی بەربژێر بکات."

لەبارەی گۆڕینی ناوی حیزبەکە، شوان رابەر رایگەیاند کە لە رەشنووسی پەیرەوی نێوخۆدا دوو بژاردە خراونەتەڕوو، مانەوەی ناوی "کۆمەڵی دادگەریی کوردستان" یان گۆڕینی بۆ "کۆمەڵی ئیسلامی"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە و بە زۆرینەی دەنگ پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە."

 سەبارەت بە بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان، شوان رابەر ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە لە بەرنامەی فەرمیی کۆنگرەدا نییە، بەڵام "ئەگەر کەسانێک باسی ئەو بابەتە بکەن، لەوانەیە بخرێتە دەنگدانەوە."

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەتا بەناوی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 2001 دامەزرا و لە کۆنگرەی چوارەمدا ناوەکەی گۆڕی. لەکاتی دامەزراندییەوە لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

 ئەو حیزبە کوردستانییە کە تاوەکو ئەمڕۆ چوار کۆنگرەی بەستووە، لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا سێ کورسی بەدەستهێنا، بەڵام رایگەیاندووە ناچێتە نێو پەرلەمان.

کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری شوباتی 2021 بەڕێوەچوو، تێیدا عەلی باپیر هەڵبژێردرایەوە و پۆستی کەسی یەکەمی حیزبەکەش لە ئەمیرەوە کرایە سەرۆک.

سەرچاوە: ڕووداو