هاوردە و ناردنکاران: بەهۆی بڕیارێکی عێراق هاوردە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە کەمیکردووە

سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت، حکومەتی عێراق بازرگانانی هەرێمی کوردستانی ناچار کردووە، هەر کاڵایەک هاوردە بکەن، بۆ ماوەی 72 کاژێر رێگەیان پێدەدرێت بیبەنە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەوەش زیانی پێگەیاندوون.

ئازاری 17, 2025 - 15:13
هاوردە و ناردنکاران: بەهۆی بڕیارێکی عێراق هاوردە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە کەمیکردووە

 مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیارەکە لە ئۆکتۆبەری پارەوە دراوە، هەر بارزگانێکی هەرێمی کوردستان کاڵا هاوردە بکات و بیەوێت بیباتە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، دەبێت لەماوەی 72 کاژێردا بگەیێندرێت".

 بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق زیانی بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. لەبارەی هۆکارەکەشەوە دەڵێت "ئێستا بە جۆرێکە؛ بازرگان هەر شتێک هاوردە بکات، باڕکۆدێکی لە دەروازەکانەوە لێدەدرێت و دەبێت رێککەوتی باڕکۆدەکە و ئەوکاتەی دیاریکراوە، بەسەرنەچێت ئینجا دەروازەکانی عێراق رێگەی بردنی دەدەن، ئەوەش وایکردووە بازرگانانی ئێمە بچن لە کەرکووک، موسڵ و ناوچەکانی دیکەوە شوێنی کۆگەکردنی بەرهەمەکانیان دابنێن".

 زۆرینەی ئەو بەرهەمانەی لە تورکیا و ئێران، یان بەرهەمی وڵاتانی دیکەن و لە رێگەی ئەو دوو وڵاتە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق. پێشتر بازرگانان لە هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانیان کۆگا دەکرد و بەگوێرەی پێویستی هەناردەیان دەکرد، ئیستا دەبێ دەستبەجێ بیگەیێننە ناوچەکانی حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی لە کێشەی کات و گومرگ بەدوور بن.

 سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی ئەو 72 کاژێرەی داوا کراوە بازرگان یەک گومرگ دەدات، ئیتر بۆ دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بێت یان دەروازەکانی ئێران. مستەفا شێخ عەبدولرەحمان گوتی "بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، هاوردەی بازگانانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی بەرچاو کەمیکردووە، چونکە ئێستا بەشێکی کاڵاکان بۆ رزگاربوون لەو کۆت و بەندانەی دانراون، راستەوخۆ لە بەسڕەوە دەبرێنە پارێزگاکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق".

 کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەڵێن، حکومەتی عێراق رێگە نادات هیچ بارێک لە کوردستانەوە ببەنە پارێزگەکانی عێراق، ئەمشەویش دواوادەیە و بەتەواوی رێگەیان لێ دەگیرێت. رائید عەلی، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی گواستنەوەیە، ئەمڕۆ بە رادیۆی رووداوت گوت، "ئێمە لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بار و کاڵا دەگوازینەوە نێوەڕاست و باشووری عێراق، واتا ئەو کاڵایانەی لە دەرەوەی عێراقەوە هاوردە دەکرێن، بەڵام لەماوەی رابردوودا رێگەی کەرکووکیان لێمان داخست."

دوای ئەوەی رێگەکەیان بە روودا داخراوە، پێویست بوو کۆمپانیاکانی گواستنەوە بارەکان لە سنووری هەولێر و دهۆکەوە بگەیێننە رێگەی بەنداوی موسڵ، تاوەکو لەوێوە بارەکان بگەیێننە بەغدا و ناوچەکانی دیکە، کە بە گوتەی رائید عەلی ئەوە نزیکەی 70٪ تێچووی لەسەر ئەوان و خاوەنی کاڵاکە زیاد کرد. رائید عەلی دەڵێت "لە رۆژی شەممەوە ئەو رێگەیەی موسڵیش داخرا، شەوی رابردوو کاژێر 08:30 کرایەوە، بەڵام کاژێر 12:00ـی ئەمشەو (دووشەممە، 17-5-2025) وادەکە کۆتایی دێت و دادەخرێتەوە؛ ئەمەش گرفت بۆ ئێمەی کۆمپانیاکانی لۆجستیی تایبەت بە گواستنەوە دروست دەکات، چونکە ئەو کاڵایانەی لە ئیبراهیم خەلیل یان فڕۆکەخانەوە دێن، گرفتیان بۆ دروست دەبێت."

 بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی گواستنەوە ئەوەی بۆ رادیۆ رووداو باسکرد؛ ئەو کۆمپانیایانەی لە نێوخۆ دا کاڵا بەرهەمدێنن، دەتوانن لە بازگەکانی کەرکووکەوە هەناردەی بکەن، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوە دەیهێنن، دەبێت مەنەفێستی لەگەڵ دا بێت و تەنیا لە سنووری موسڵ و باوە مەحموود لە خانەقین هەناردەی بکەن، کە ئەویش کێشەی بۆ دروست بووە.

 رائید عەلی دەڵێ ئەگەر کۆمپانیایەک دوو لقی لە هەولێر و بەسرە هەبێت، "دەتوانین کاڵای ئەوەی بەسرە بگوازینەوە هەولێر، بەڵام لەوەی هەولێرەوە ناتوانین کاڵا بگوازینەوە بەسرە، بۆیە داواکارین ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت."

سەرچاوە: ڕووداو