مەزڵووم عەبدی: شاندی کوردی لە کاتێکی گونجاودا دەچێتە شام
لە قامیشلۆ کۆنفرانسی یەکڕیزیی کوردی بەسترا و لەو کۆنفرانسەدا شاندێک پێکهێنرا، بۆ ئەوەی بچێتە شام و "داوای چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد بکات."

ئەو دانوستاندنانەی لە شام کراون، لەگەڵ شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە. بەڵام مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت، "کۆنفرانسە کوردییەکە نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی کورد دەکات و هەموو پارت و کەسایەتییە کوردەکان تێیدا بەشدار بوون."
ئەمڕۆ سێشەممە، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، "ئەو شاندەی ئێستا دانوستاندن دەکات، جێگرەوەی شاندە کوردییەکە نییە و لە کاتێکی گونجاودا شاندی کوردی دەست بە دانوستاندنەکان دەکات".
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوەکرد، کاتی کۆبوونەوەی پاریس دیاریکراوە، لە مانگی 10 نییە، بەڵام کاتەکەی نزیکە.
گوتیشی، "ئێمە گفتوگۆ لەسەر بابەتەکانی سنوور، دەروازە سنوورییەکان، نەوت، تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپا، بەشداریکردن لە حکومەتدا، لیژنەی پەرلەمان و دەستووری نوێ دەکەین."
ئەمە لەکاتێکدایە کە شاندی هاوبەشی کوردی، ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست کە تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی کاری ناوخۆیی و تێیدا بە کۆی دەنگ پەسەند کرا، بە شێوەیەک کە رێکخستنی بەڕێوەچوونی کارەکان و هاوئاهەنگیی ئەرکەکان لەنێوان ئەنداماندا مسۆگەر بکات.
بەپێی راگەیێندراوی دوای کۆبووونەوەکە، خوێندنەوەی "دیدگای هاوبەشی کوردی" و گفتوگۆکردنی فراوانی لەسەر بڕگەکانی لەخۆگرت، وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناخی دانوستاندن.
بڕیارە گفتوگۆکردن لەسەر هەموو بڕگەکان لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا بەردەوام بێت، کە بە شێوەیەکی خولی و رێک و پێک دەبەسترێن.
سەرچاوە: ڕووداو