بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی: یەکشەممە بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی شەش دەدرێت

"حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی بۆ پابەندبوونی بە رێککەوتنەکە نیشان داوە." ئەمە گوتەی بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتییە لە پەرلەمانی عێراق و دەڵێ، پێدەچێت رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران بدرێ.

ئاب 6, 2025 - 19:47
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی: یەکشەممە بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی شەش دەدرێت

شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات باسی لە وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە کرد و رایگەیاند: "کۆبوونەوەکەی دوێنێ زۆر باش بوو. بیروڕای هەموولایەک بەو ئاراستەیە بوو کە بە زووترین کات، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بڕیاری کۆتایی لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش بدرێت."

کەلاری ئاماژەی بەوە کرد بابەتی نەوت کە کێشەی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدایە، لە کۆبوونەوەکەدا بە ئاراستەیەکی ئەرێنی باسکراوە. بە گوتەی ئەو، "هەموو قسەکانی وەزیری نەوتی عێراق زۆرباش بوون، بەو ئاراستەیە بوون کە ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت وەربگیرێت و لە بەرامبەردا بڕیاری ناردنی مووچە بدرێت."

 حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی چوارشەممە لە کەرکووک رایگەیاند، لە ماوەی "سبەی و دوو سبەی" هەنگاوەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە.

بە گوتەی شوان کەلاری، بڕیارە رۆژی یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار بدات ئەو بڕە نەوتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت (نزیکەی 130 هەزار بەرمیل) رادەستی سۆمۆ بکرێت، دوای ئەوەی پشکی بەکاربردنی ناوخۆ (50 هەزار بەرمیل) بۆ هەرێمی کوردستان جیا دەکرێتەوە.

ئەو بڕیاردەرەی فراکسیۆنی پارتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بڕی 120 ملیار دینارەکە وەک بەشێک لە داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات. شاندێکی چاودێریی دارایی هەرێمیش بۆ دڵنیاییدان بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، گەیشتوونەتە بەغدا." 

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی رەخنەی تووندی لە سیاسەتی حکومەتی فیدراڵی گرت و گوتی: "ئەمەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت و مووچە بە بارمتە گیراوە، غەدرێکی گەورەیە. بەغدا هەموو بابەتەکەی لە مووچەدا چڕ کردووەتەوە، ئەمە ستراتیژ و بەرنامەیەکە بۆ لێدان لە ئیرادەی هەرێمی کوردستان و هەنگاوێکە بە ئاراستەی تەسلیمبوونی هەرێمی کوردستان."

سەرچاوە: ڕووداو