بەرپرسێکی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 24-09-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا مووچەی مانگی تەمموز خەرج بکرێ. لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەی مانگی تەمموزدا ناوی 3 هەزار و 443 خانەنشین بۆ بەغدا نێردرا و هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێ مووچەیان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بۆ خەرج بکرێت."
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
هاوکات سادق شێخ عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان لەبارەی تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی، "ناوی هەموو خانەنشینان لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی ئاب بۆ بەغدا نێردرا، دوای ئەوەی هەموو مامەڵەکان تەواوکران، واتە هیچ خانەنشینێک نەماوە."
بە گوتەی سادق شێخ عوسمان، هەر کاتێک مووچەی مانگی تەممووز دابەش بکرێت، هەموو ئەو خانەنشینانەی مامەڵەکانیان لە مانگی تەممووزدا تەواو بووە، 7 مووچە بەیەکەوە وەردەگرن.
لە 01-01-2025ـەوە دەست بە راییکردنی مامەڵەکانی خانەنشینی کرا و توانرا مامەڵەی 27 هەزار خانەنشین تەواو بکرێت.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014، پابەند کرد، بەڵام تاوەکوو تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
سەرچاوە: ڕووداو