شاندی پارتەکانی باکووری کوردستان گەیشتە هەرێمی کوردستان

بۆ تاوتوێکردنی گفتوگۆکانی دەم پارتی و بەرپرسانی حکومەتی تورکیا تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی، شاندێکی پارتەکانی باکووری کوردستان گەیشتە هەرێمی کوردستان. ئەندامێکی شاندەکە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانیان بۆ رووداو دەخاتە روو.

شوبات 15, 2025 - 15:57
شاندی پارتەکانی باکووری کوردستان گەیشتە هەرێمی کوردستان

 شاندەکە پێکدێن لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) لە تورکیا. هەروەها ئۆزگور ئەرۆل و ئیبراھیم بیلمەز پارێزەرانی ئۆجالان، بەردان ئۆزتورک گوتەبێژی کۆمیسیۆنی پەیوەندەییەکانی دەرەوەی دەم پارتی، گولجان کاچماز و مەھمەت کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی یاوەری شاندەکە دەکەن. پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندەکە ئەمڕۆ شەممە بە هێڤیدار ئەحمەد، پێشکێشکاری رووداوی گوت، ئەمڕۆ دەچنە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە. بڕیاری دوای کۆبوونەوەکانیان لە هەولێر، شاندەکە بچنە سلێمانی. پەروین بوڵدان دەڵێت، لە سلێمانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە. ئەو ئەندامەی شاندەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانەکەدا پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەدەنە سەرۆک بارزانی. هەر ئەمڕۆ سدقی رحا، ئەندامی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکانی شاندەکە رۆژی یەکشەممە لە هەولێر دەبن و دووشەممە لە سلێمانی". شاندەکە ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانی دەم پارتی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی تورکیا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لایەنە سایسییەکانی تورکیا بۆ پڕۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکەن. دەوڵەت باخچەلی 01-10-2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات. شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە. دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە. شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە".

سەرچاوە: ڕووداو