عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە 12-01-2026 لە کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتان لە تاران گوتی، تاران ئامادەیە بۆ ئەوەی پرسی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا بە دانوستاندن چارەسەر بکات، بەڵام بەو مەرجەی دانوستاندنەکە دادپەروەرانە بێت و دوو لایەن مافی یەکسانیان هەبێت.
لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ هێرشکردنەسەر ئێرانیش، عێراقچی گوتی، ئەوان خوازیاری شەڕ نین، بەڵام هاوکات ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ شەڕ و دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیشی دەکاتەوە وڵاتەکەی دەستپێشخەری بکات لە هێرشکردنە سەر بنکە و هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا.
قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران پەیوەندییان پێوە کردووە و داوای دانوستاندنیان کردووە. سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە، گوشارەکانی ئەمریکا بەرپرسانی ئێرانی ماندوو کردووە و داوای دانوستاندن دەکەن، بڕیارە ئامادەکاری بکرێت بۆ کۆبوونەوە. ترەمپ بە ئاماژەدان بە کوژرانی خۆپێشاندەرانیش لە ئێران گوتی، رەنگە پێش کۆبوونەوە ناچار بن هەنگاوێک بنێن.
ئەگەری زۆرە پەیامەکەی تاران لە رێگەی وەزیری دەرەوەی عومانەوە گەیشتبێتە واشنتن.
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە سەردانی تارانی کرد و لەگەڵ سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە. بەرپرسانی ئێران و عومان هیچیان لەبارەی ئەگەری ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان تاران و واشنتن لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عومان بۆ تاران رانەگەیاندووە.
ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی سەرەتای 2025دا بە نێوبژیوانیی عومان پێنج گەڕی دانوستاندنیان بەڕێوەبرد بۆ رێککەوتن لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆکان لەسەر ئەو وڵاتە، بەڵام لە 23ی ئایارەوە دانوستاندنەکان راگیراون. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، ئەمریکا کۆمەڵێک مەرجی داناون کە ناتوانن قبووڵیان بکەن، وەکو دەستهەڵگرتن لە پیتاندنی یۆرانیۆم و سنووردارکردنی مەودای مووشەکەکانیان.