حەسەن جەمال: هەرێمی کوردستان رۆڵی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریدا دەبێت

نووسەر و شرۆڤەکارێکی دیاری تورکیا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان رۆڵی گرنگی لە پرۆسە نوێیەکەی تورکیا دەبێت سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد

شوبات 20, 2025 - 18:58
حەسەن جەمال: هەرێمی کوردستان رۆڵی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریدا دەبێت

حەسەن جەمال، لە ئیستەنبووڵەوە بەشداری لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کرد، کە محەممەد عیزەدین پێشکێشی کرد و و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا دایەوە. سەبارەت بە هەڵوێست و تێڕوانینی کورد لەم پرۆسەیەی ئێستا لە ئارادایە، گوتی: "کوردانی ئەم ناوچەیە کە لە چوار وڵات (ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا) دەژین، لە مێژەوە تاوەکو ئەمڕۆ تاڵیی زۆریان چەشتووە. هەر بۆیە ئاشتی بۆ تەواوی کورد زۆر گرنگە. کاتێک دەڵێین ئاشتی، هەر چوار وڵات دەگرێتەوە، بەڵام ئەگەر تورکیا ئاشتەوایی لەگەڵ کوردانی وڵاتەکەی بەدی بهێنێت، دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ کورد و وڵاتانی ناوچەکەش". حەسەن جەمال ئەو دەستپێشخەرییەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە رۆژی 1-10-2024 بە تەوقەکردن لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی دەستیپێکرد، بە دەستپێکی قۆناخێکی گرنگ وەسفکرد و گوتی: "ئەگەر سبەی ئۆجەلان بانگەوازێکی نوێ بۆ ئاشتی بکات، هاوکات بانگەوازی دانانی چەک بۆ پەکەکە بکات، ئەنجامی باشی لێ بکەوێتەوە، دەبێتە هەنگاوێکی زۆر باش. هیوام بەوە هەیە و هاوکات نیگەرانیشم هەیە، بەڵام بە گەشبینییەوە لێی دەڕوانم". ئەو نووسەرە وەک باسی دەکات، ساڵی 1993 یەکەمجار لە دۆڵی بیقاع (سووریا) عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی بینیوە، هەروەها 2009 بەدواوە چوار جار چووەتە قەندیل و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پەکەکە کۆبووەتەوە. هەروەها لە هەولێر، شەقڵاوە، پیرمام و سلێمانی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، مام جەلال، نێچیرڤان بارزانی، بەرهەم ساڵح و زۆر لە بەرپرسانی ناوچەکە کۆبووەتەوە و چوار کتێبی لەسەر کێشەی کورد نووسیوە. هەروەک خۆی دەڵێت: "چەک، کاتی بەسەرچووە. لەمەودوا بە چەک ناگەن بە هیچ کوێیەک. دڵنیام پەکەکە و قەندیلیش باش درک بەم راستییە دەکەن". سەبارەت بەو دەستپێشخەرییە کە ئۆجەلان لایەنێکی گرنگی پرۆسەکەیە، حەسەن جەمال دەڵێت: "من هەر کاتێک لەگەڵ مام جەلاک و کاک مەسعود کۆبووبێتمەوە، گوتوویانە کە ئۆجەلان لایەنێکی بابەتەکەیە. هەردەم دەڵێن، ئەگەر ویست هەبێت بۆ ئەوەی لە تورکیادا هەنگاو لە بابەتی پەکەکە بنێن، ئۆجەلان یەکەمین کەسە کە لایەنە. ئەوەتا ساڵانێک تێپەڕی و ئۆجەلان کراوەتە لایەن. جا راستیشیان کرد لەوەی ئۆجەلانیان کردووەتەوە لایەن". یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی حەسەن جەمال جەختی لەسەر دەکاتەوە، گۆڕانکارییە لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و دەڵێت، لە میژووی کۆماری تورکیادا هەڵەی زۆر کراوە، هاوکات بە پێویستی دەزانێت، دەوڵەت لە بابەتی بەدیموکراسی بووندا هەنگاوی جیدی بنێت کە لەو رێگەیەوە کێشەی کورد چارەسەر دەکرێت. سەبارەت بە رۆڵ و کاریگەریی هەرێمی کوردستان لە پرسی کورد حەسەن جەمال گوتی: "گومانی تێدا نییە کە کوردستانی عێراق، یانیش حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی گرنگی دەبێت. لە چەند روویەکەوە رۆڵی دەبێت؛ بەتایبەتی پێویستە لە بابەتی دیموکراسیدا بوێری بە رەجەب تەیب ئەردۆغان بدات. هەتاوەکو لە ئەنقەرە؛ لە تورکیا دیموکراسی جێگیر نەبێت، ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا هیچ بناخەیەکیان نابێت. لێرەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنانەت ئەگەر لە پشت دەرگا داخراوەکانیش بێت، دەبێت باسی بابەتی دیموکراسی لەگەڵ ئەنقەرە بکات و پشتیوانیی بکات". پرۆسەیەکی تایبەت بە پرسی کورد دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 01-10-2024 لەکاتی واڵاکردنی دەرگەی پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا، چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و هیوای خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی. باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد. باخچەلی رۆژی 31-12-2024 سەبارەت بەو دیدارە گوتی:"بە شێوەیەکی گشتی، بەشێک لەو دیدارە کە لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەوەی هیوای دیموکراسی، برایەتیی تورک و کوردی بەهێزکردووە، بووەتە دەستپێکێکی خێردار. ئیدی پێویستە بابەتەکە لە گوتەوە بۆ کردار بگۆڕدرێت و قۆناخ بە قۆناخیش پێشهاتەکان رابگەیێندرێن". شاندەکەی دەم پارتی دوای دیدارەکەی ئیمراڵی، لەگەڵ زۆربەی پارتەکان و ژمارەیەک کەسایەتیی گرنگ کۆبووەوە. دواتر دووبارە سەردانی ئیمراڵیی کردەوە. شاندی دەم پارتی هاتە هەرێمی کوردستان شاندەکەی دەم پارتی رۆژی 15-2-2025 گەیشتە هەرێمی کوردستان. دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 19-2-2025 دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سازکرد و گەڕایەوە بۆ ئەنقەرە. سەرچاوە: ڕووداو