گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان: هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی لەسەر عێراق نییە

ناوچەکە لە ئاڵۆزی و ململانێی بەردەوامدایە؛ گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنییان لەسەر نییە و، هێزە ئەمنییەکانیشیان بۆ پارێزگاری لە وڵات لە ئامادەیی تەواودان.

ئازاری 18, 2025 - 20:39
گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان: هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی لەسەر عێراق نییە

ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئاداری 2025 سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سایەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتەوە، هیچ هەڕەشەیەکی ئەمنی لەم کاتەدا لەسەر عێراق نییە."

سەباح نوعمان گوتیشی، "هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەدوورگرتنی وڵات، لە دروستکردنی هەر کاریگەری و بەشدارییەک لە ململانێ هەرێمییەکان، وایکردووە عێراق لە هەڕەشە ئەمنییەکان پارێزراو بێت." وەکو گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکانمان لە ئامادەیی تەواودان بۆ پارێزگاری لە عێراق، لە هەر مەترسی و هەڕەشەیەکی دەرەکی.

هەروەها توانیویانە سەقامگیریی نێوخۆ بە باشی بپارێزن و سنوورەکانیشمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ تووندوتۆڵ بکەن." ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، "پەیاممان لە حکومەتی زایۆنییەوە پێگەیشتووە بۆ زنجیرە هێرشێک بۆسەر عێراق، بەڵام پەیوەندیمان بە واشنتن و وڵاتانی دیکەوە کرد و سەرکەوتوو بووین لە دوورخستنەوەی عێراق لەو هێرشانەی زایۆنییەکان."

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەڕەشە هەن، بەگوێرەی هەڵکەوتەی جوگرافییش ترسمان لە کاریگەریی هەر شەڕێک هەیە کە دژ بە ئێران بکرێت."

 ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە روو پەرەسەندنی زیاترن. رۆژی 15ـی ئەم مانگە، هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمانی ترەمپ هێرشی بەرفراوانیان بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن دەستپێکرد و سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، ئەگەر حووسییەکان هێرشبکەن، یەخەی ئێران دەگرین.

 بەرەبەیانی ئەمڕۆش، پێچەوانەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حەماس کردبووی، ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەست هێنا و هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی کردە سەر کەرتی غەززە. کە بەپێی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی کەرتی غەززە، لەو هێرشەدا 413 کەس کوژراون و 500ی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوە: ڕووداو