گوتەبێژی حکومەتی عێراق : لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوایین خاڵی رێگەی گەشەپێدان دیاری دەکەین

حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ دیاریکردنی دوایین خاڵی رێگەی گەشەپێدان چڕ کردووەتەوە. گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی گوت، لیژنەی دانوستاندنکاری هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بۆ دیاریکردنی ئەو خاڵە لە سنووری تورکیا.

ئاب 12, 2025 - 18:58
گوتەبێژی حکومەتی عێراق : لەگەڵ هەرێمی کوردستان دوایین خاڵی رێگەی گەشەپێدان دیاری دەکەین

رۆژی سێشەممە، 12ی ئابی 2025، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەرێمی کوردستان بەشێکی رەسەنە لە عێراق، بۆیە لیژنەی دانوستاندنکاری نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان پێکهێنراون، بۆ رێککەوتن لەسەر دوا خاڵی بەیەکەوەبەستنەوەی رێگەی گەشەپێدان بە تورکیا."

باسم عەوادی گوتیشی: "گەشبینین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی دوایین خاڵی پڕۆژەکە، کە بابەتێکی تەکنیکییە و پەیوەستە بە رێڕەو، تێچوو، دابینکردنی هێڵەکانی شەمەندەفەر و پێداویستییە تەکنیکییەکانی دیکەوە."

دوێنێ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لیژنەی تایبەتی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کرد.

بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێک لە ئامانجەکانی کۆبوونەوەکە، دەستپێکردنی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی هێڵی ئاسنینی فاو بۆ پێشابوور بووە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "مەبەست لە هێڵی ئاسنینی فاو بۆ پێشابوور، کۆی هێڵەکانی شەمەندەفەرە لە عێراق، بەڵام هەندێک لە هێڵەکان نۆژەن دەکرێنەوە و هەندێک هێڵیش بۆ دەرەوەی شارەکان دەگوێزرێنەوە."

عەوادی گوتیشی: "چەند بەشێکی نوێی هێڵی شەمەندەفەر لە بەندەری فاوەوە تاوەکو دوا خاڵی هێڵەکە لە بەسرە دروست دەکرێت، هێڵێکی نوێی شەمەندەفەریش لە دوا خاڵێک لە رەبیعەوە بۆ خاڵی بەیەکەوەبەستنەوە لەسەر سنووری عێراق - تورکیا دروست دەکرێت."

درێژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەترە و پێکدێت لە هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەل، گەشتیاران و هێڵی ئاسن، لە بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نێو خاکی تورکیا.

خەرجیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژکردنی هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.

قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی کۆتایی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.