سبەی بە بۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە لە بەشێکی فەرمانگەکانی کەرکووک پشووە
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، سبەی بەبۆنەی چلەی ئیمام حوسێنەوە لە بەشی زۆری فەرمانگە و دامەزراوەکانی پارێزگاکە پشووە.

بەگوێرەی بڕیارەکەی پارێزگاری کەرکووک، پشووەکە دەزگا خزمەتگوزارییەکانی وەک فەرمانگەکانی تەندروستی، ئاو، کارەبا، شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.
هەر بەو بۆنەیەوە، لە زۆربەی پارێزگا شیعەنیشینەکان 3 بۆ 4 رۆژی ئەم هەفتەیە کراوەتە پشوو. حکومەتی عێراقیش رۆژی پێنجشەممەی لە عێراق کردوەتە پشوو کە رۆژی چلەی ئیمام حوسێنە.
حوسێن کوڕی عەلی، کچەزای محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پەیامبەری ئیسلام (د.خ)، سێیەمین ئیمامی شیعەکانە. ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا شیعەکانی جیهان بۆ بەشداریکردن لەو رێوڕەسمانەی لە کەربەلا بەڕێوەدەچن، روو لە عێراق دەکەن.
بەگوێرەى حوسێنییەی سەر بە دیوانى وەقفى شیعەى عێراق، پار ژمارەى ئەو زیارەتکارانەى بۆ چلەى ئیمام حوسێن چوونە کەربەلا 21 ملیۆن و 480 هەزار و 525 کەس بوون.
سەرچاوە: ڕووداو