عەبدولڕەحمان دەڵێت: "ئەو هەزار دینارە تەنیا وەکو شتێکی رەمزیی بوو بۆ دادگە، ئێمە دوو قورئانمان دانا. بەدڵنیاییەوە من بەوە دڵخۆش بووم. زۆرترین کۆمێنتە نەرێنییەکان لەلایەن کچانەوە بوون، کچان دەڵێن هەزار دینار زۆر کەمە، ئەگەر کێشەیەک رووبدات پێی دەڵێن تۆ تەڵاقدرایت و ئەوەش پاشەکییەکە کە هەزار دینارە."
هەرچەندە عەبدولڕەحمان ساڵانە لە خوێندندا یەکەم بووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کارەکانی ژنهێنان و بارودۆخی ژیانی، کاریگەری لەسەر خوێندنەکەی هەبووە.
عەبدولڕەحمان گوتی: "من پۆلی شەشی ئامادەییم و بڕیارم دا هاوسەرگیری بکەم، کەوتمە خوولی دووەمی تاقیکردنەوەکان و پێڕانەگەیشتم بەشداری لە تاقیکردنەوەکان بکەم، بۆ؟ لەبەر بارودۆخی ژیانم بوو، ئێستا خوێندکارانی دیکە تاقیکردنەوەی خوولی دووەمی تاقیکردنەوەکان دەکەن، منیش وانەیەکم هەبوو و نەمتوانی تاقیکردنەوەکە بکەم، لەپێناو ئەوەی هاوسەرگیری بکەم و پارێزگاری لە خێزانەکەم بکەم."
ئەم بڕیارە جیاوازە، پشتگیریی شێخی عەشیرەتی خڵێفات، مام و سەرۆکی عەشیرەتی خڵێفاتی گوندی زوهێلەی بەدەستهێناوە.
شێخ رازی خالید، شێخی عەشیرەتی خڵێفات دەڵێت: "رێککەوتین لەسەر ئەوەی مارەییەکە قورئانێک بێت، بەڵام کاتێک چووینە دادگە بۆئەوەی گرێبەستەکە بکەین، گوتیان ئێمە ناتوانین بنووسین قورئانێک مارەییە، دەنووسین هەزار دینار بە هەزار دینار، لە بنەڕەتدا گرێبەستەکە بێبەرامبەر بوو، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، براکەم؛ باوکی بووکەکە، کچەکەی ئامادە دەکرد و زێڕ و کەلوپەلی دیکەی بووکێنی بۆ ئامادە دەکرد."
مامۆستای ئایینیی مزگەوتی گوندەکەش لەڕێگەی گوتارەکانی رۆژی هەینییەوە پەیامی خۆی دەگەیێنێت کە مارەییەکی کەم خێرێکی گەورەیە.
گوندی زوهێلە کە لە زیاتر لە 1000 ماڵ پێکدێت، بەشێوەیەکی گشتی مارەیی هاوسەرگیری تێیدا 300 هەزار دینار پێشەکی و یەک ملیۆن دینار پاشەکییە. ئەم کردارەی عەبدولڕەحمان و هاوسەرەکەی، هیوایەک بۆ کەمکردنەوەی تێچووی ژنهێنان و ئاسانکاری بۆ گەنجان دروست دەکات.
سەرچاوە: ڕووداو