بەدواداچوونێکی رووداو: عێراق 35 ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووانی، دەرمانی تێدایە

بەدواداچوونێکی رووداو ئاشکرای دەکات، لە عێراقدا 35 ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووانی، دەرمان هەیە و ئەمەش بەگوێرەی دواین ئاماری تەندروستیی وڵاتەکەیە.

تشرینی یەکەمی 19, 2025 - 13:35
بەدواداچوونێکی رووداو: عێراق 35 ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووانی، دەرمانی تێدایە
ئەمڕۆ سەیف بەدر، گوتەبێژی تەندروستیی عێراق بە رووداوی گوت، ملیارێک و 600 ملیۆن ستیکەریان داوە لە دەرمانە هاوردەکراوەکانی کەرتی تایبەت و هێشتا 30٪ـی ماوە؛ بەپێی ئەم قسەیە بێت، زیاتر لە ملیارێک و 600 ملیۆن دەرمان لەنێو عێراقدا هەن کە ئەمە نزیکەی 35 ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووانی عێراقە.
 
بەپێی ئامارێکی جیهانی، تاوەکو مانگی رابردوو لە عێراق دوو هەزار و 929 دەرمانخانە هەن، ئەمەش 7.44٪ زیاترە لە ساڵی 2023.

لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە، هەر ئەمڕۆ دکتۆر گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی چاودێریی بازاڕ و بازگەکانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ''ئێستا 100٪ـی دەرمانەکانی هەرێمی کوردستان ستیکەری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیان لێدراوە''.
 
هەفتەیەک (18 تاوەکو 24ـی تشرینی دووەم) تەرخانکراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسیی بەهێزبوونی بەکتریاکان و دروستبەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەهەوکردن.
 
لە هەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبووانی بەهێزبوونی بەکتریاکان زیادبووە و WHO دەڵێت: ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەهۆی بەهێزبوونی بەکتریاکانەوە گیان لەدەستدەدەن، پسپۆڕێکیش لە باسی نەخۆشێکیدا گوتی، ''نەخۆش هەیە بە هیچ دەرمانێک چارە ناکرێت''.