کۆمیسیۆنی عێراق: هەڵبژاردنی عێراق بە هەمان سیستمی هەڵبژاردنی کوردستان بەڕێوەدەبەین
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کار بە سیستمە کۆنەکە دەکەن و ژیریی دەستکرد بەکارناهێنن.

رۆژی دووشەممە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمیسیۆن بەپێی یاسا پابەند کراوە بە بەکارهێنانی سیستمی پەیوەستکردنی ئامێرەکان بە کێبڵی کارەبایی و پابەند دەبێت بەو بڕیارەوە.
جومانە غەلای گوتی: "ئێمە ژیریی دەستکرد بەکارناهێنین، چونکە ژیریی دەستکرد پەیوەست دەکرێت بە ئینتەرنێت و تۆڕی جاڵجاڵۆکەییەوە، لە هەڵبژاردندا ئەمە ناکەین؛ چونکە ئامێرەکانمان بە کێبڵی کارەبایی پەیوەست کراون بەیەکەوە و پەیوەست نەکراون بە ئینتەرنێتەوە."
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەو ئامێرانەی بەکاریان دەهێنین، هەمان ئەو ئامێرانەن کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەکارمان هێنان کە بەهیچ شێوەیەک پەیوەست ناکرێن بە ئینتەرنێتەوە.
بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
سەرچاوە: ڕووداو