بەرازیلییەکان هەڕەشە لە پێرێز دەکەن و بەڕۆیشتنی ئەنچێلۆتی رازی دەکەن

بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، بەهۆی هەڕەشەیەکەوە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییان ناچارکردووە بەر لە مۆندیالی یانەکان، دەستبەرداری کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەکە ببێت، بۆ ئەوەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی بەرازیل لە ئەستۆ بگرێت.

ئارەی 5, 2025 - 13:49
بەرازیلییەکان هەڕەشە لە پێرێز دەکەن و بەڕۆیشتنی ئەنچێلۆتی رازی دەکەن

لەماوەی رابردوودا، پاش ئەنجامە خراپەکانی ریال مەدرید لە پاڵەوانێتییەکانی ئەمساڵ و چوونە دەرەوە لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ لەسەردەستی ئارسیناڵی ئینگلیزی، دەنگۆکانی دەستهەڵگرتنی یانەی ریال مەدرید لە کارلۆ ئەنچێلۆتی، باڵی بەسەر هەواڵی میدیاکاندا کێشا.

 هاوکات لەگەڵ نیگەرانییەکانی بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید، لە ئەنجامەکانی تیپەکە لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی، بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی کۆبوونەوە بۆ ئەوەی مەشقدانی هەڵبژاردەکە وەربگرێت.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، وردەکاریی دانوستاندن و کۆی گشتیی دیمەنی چوونی ئەنچێلۆتی بۆ بەرازیل زیاتر روون بووەوە. سەرچاوەکان گوتیان بەرپرسانی بەرازیل دەیانەویت پێش بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو لە مانگی شەشی ئەمساڵ، کارلۆ ئەنچێلۆتی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی بەرازیل وەربگرێت، بەڵام ریال مەدرید لەبەرئەوەی بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکات لە هەمان مانگدا لە ئەمریکا، دەیەوێت ئەنچێلۆتی لە دوای مۆندیالی یانەکان، لە یانەکە بڕوات.

سەرچاوەکان لە نوێترین پێشهاتی تایبەت بە چارەنووسی ئەنچێلۆتی ئاشکرایانکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، پەنایان بردووەتە بەر هۆکارێکی گوشارکردن لە یانەی ریال مەدرید، بۆ رازیبوونی سەرۆکی یانەکە، بەدەستبەرداربوون لە ئەنچێلۆتی لەدوای کۆتایی هاتنی رکابەرییەکانی وەرزی ئەمساڵی لالیگا.

سەرچاوەکان رایانگەیاندووە، بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، هەڕەشەی قەدەخەکردنی هەموو چالاکییەکی یانەی ریال مەدریدیان لەسەر خاکی بەرازیل کردووە، ئەگەر یانەکە رازی نەبێت بەوەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا رێگە بەڕۆیشتنی ئەنچێلۆتی بدات.

میدیای بەرازیل دەڵێن، بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل هەڕەشەی ئەوەیان لە ریال مەدرید کردووە، سەرجەم چالاکییەکانی یانەکە لەسەر خاکی بەرازیل قەدەخە بکەن، هەروەها رێگە بەکارکردنی ئەکادیمیاکانی یانەکە لە شارەکانی بەرازیل نەدەن و تەنانەت بەهرەدۆزەرەوەکانی ئەو یانەیەش لە کارکردن لە بەرازیل قەدەخەبکرێن، ئەگەر یانەکە دەستبەرداری ئەنچێلۆتی نەبێت، لەو وادەیەدا کە بەرازیلییەکان دەیانەوێت.

 یانەی ریال مەدرید ، بەردەوام نوێنەری خۆی دەنێرێت بۆ ئەوەی لە یاریگەکانی بەرازیل ئامادەبن و چاودێری یاریزانە لاوەکانی ئەو وڵاتە بکەن، بەپێی سەرچاوەیەکی بەرازیلی، فلۆرێنتینۆ پێرێز لە دوایین 4 ساڵدا، ئامادەی زیاتر لە 100 یاری بووە لە یاریگەکانی بەرازیل.

یانەی ریال مەدرید بەوە ناسراوە کە هەردەم گرنگی بە یاریزانە بەرازیلییەکان دەدات و سوودمەند دەبێت لە تواناکانیان، لە پێکهاتەی ئێستای ریال مەدریددا، 4 یاریزانی بەرازیلی هەیە و ئەو یانەیە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە بەشێکیان دەبەستێت.

سەرچاوە: ڕووداو