کڵۆپ تەنیا یەک مەرجی بۆ ریال مەدرید هەیە
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری ئەڵمانی هەمووان سەرسام دەکات و داوا لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەکات تەنیا گرێبەست لەگەڵ یەک یاریزان بکات بۆ ئەوەی رازی بێت ببێتە راهێنەری ریال مەدرید و شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی بگرێتەوە!.

لەدوای دەرچوونی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ، دەنگۆی زۆر لەسەر داهاتووی راهێنەری تیپەکە، کارلۆ ئەنچێلۆتی بڵاوبووەتەوە. زۆربەی پێشبینییەکان ئاماژەن بۆ رۆیشتنی لە هاوینی ئەمساڵدا، بەبێ گوێدانە ئەنجامی خولەکان و ژمارەی نازناوەکان. ئەم دۆخە دەرگای کردووەتەوە بۆ قسەکردن لەسەر ئەگەری گرێبەستکردنی یانەکە لەگەڵ یۆرگن کڵۆپی راهێنەری ئەڵمانیا کە لەنێو ڤاڵدیبیباسدا خواستێکی زۆری لەسەرە. ئەمە یەکەمجار نییە ناوی وەک بژاردەیەک بۆ سەرکردایەتیکردنی تیپەکەی مێرینگێ بخرێتەڕوو.
کڵۆپ خۆی رێزێکی زۆری بۆ ریال مەدرید هەیە، پێکهاتەی ئێستای بە 'باشترینی جیهان' وەسف دەکات. لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ لیڤەرپوول هەوڵیدا ژمارەیەک ئەستێرەی ریال مەدرید بگوازێتەوە، لەوانە ئۆرێلیان چوامینی، رۆدریگۆ، کیلیان ئێمباپێ، فیدی ڤاڵڤێردی و جود بێلینگهام. ئەم یاریزانانە بە پایەی سەرەکی دادەنرێن ئەگەر لە داهاتوودا پۆستی بەڕێوەبەری تەکنیکی ریال مەدرید وەربگرێت.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، داواکاری سەرەکی و مەرجی بەپەلەی کڵۆپ بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بکات، گرێبەستکردنە لەگەڵ بەرگریکارێکی باڵی چەپ و بۆ ئەوەش چاوی لە گرێبەستکردنە لەگەڵ نونۆ مێندێزی بەرگریکاری یانەی پاریس سانجێرمان، بەتایبەتی کە گرێبەستەکەی ئارنۆڵد نزیکە لە کۆتاییهێنان، هەروەها پێشبینی دەکرێت میلیتاو بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.
راهێنەری ئەڵمانی باش دەزانێت کە ریال مەدرید کۆمەڵێک یاریزانی دیاری هەیە، دەزانێت چۆن تواناکانیان بەباشترین شێوە بەکاربهێنێت. هەر ئەمەش وایکردووە کارگێڕیی یانەکە بیر لە گواستنەوەی بکاتەوە، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی ئەو رەخنانەی ئاراستەی ئەنچێلۆتی کران بەهۆی ئەوەی لەم وەرزەدا نەیتوانیوە توانای تیپەکەی بەتەواوی بقۆزێتەوە.
هەرچەندە کڵۆپ ئێستا وەک بەڕێوەبەری تۆپی پێ لەگەڵ گرووپی رێدبول کاردەکات، بەڵام داهاتووی نادیارە. لەلایەکی دیکەوە پێشبینی دەکرێت هەفتەکانی داهاتوو پێشهاتە چارەنووسسازەکان سەبارەت بە راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید بەخۆیەوە ببینن، یانەکەش هەوڵدەدات بەزووترین کات ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو