بێکهام: مانچێستەر یونایتد بەبێ ئاگاداریی خۆم بە بارسێلۆنایان فرۆشتبووم

داڤید بێکهامی ئەستێرەی پێشووی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، ئاشکرایکردووە بەبێئەوەی خۆی ئاگاداربێت، یانەی مانچێستەر یونایتد ئەویان بەبارسێلۆنا فرۆشتووە، بەڵام چوونە ئەو یانەیەی رەتکردووەتەوە و سووربووە لەسەر چوونە ریال مەدرید.

ئارەی 8, 2025 - 14:01
بێکهام: مانچێستەر یونایتد بەبێ ئاگاداریی خۆم بە بارسێلۆنایان فرۆشتبووم

بێکهام کە ساڵی 2003 یانەی مانچێستەر یونایتدی بەجێهێشت و روویکردە ریال مەدریدی ئیسپانی، بووە یەکێک لە گالاکتیکۆسی ئەوکاتی یانەکە لەپاڵ هەریەکە لە زینەدین زیدان، رۆناڵدۆ نازاریۆ و لویس فیگۆ.

 بێکهام کە پەروەردەبووی ئەکادیمیای یانەی مانچێستەر یونایتد بوو، لە 1992 تاوەکو ساتی رۆیشتنی لە یانەکە ئەستێرەیەکی دیاری یانەکە بوو، لە ساڵی 2003دا پاش ناکۆکی لەگەڵ سێر ئەلێکس فێرگسۆنی راهێنەری یانەکە، ناچاربوو ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت.

 بێکهام ئاشکرایکردووە، بەرلەوەی گرێبەست لەگەڵ ریال مەدرید بکات، یانەکەی بەبێ ئاگاداریی خۆی، ئەویان بە بارسێلۆنا فرۆشتووە بەڵام ئەو سووربووە لەسەر چوونە ریال مەدرید.

 بێکهام لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا دەڵێ، "ریال مەدرید هەموو کات یانەی خەونەکانی من بوو، مایەی گاڵتەجاڕی بوو، خەون بە ریال مەدریدەوە ببینم و بچمە بارسێلۆنا".

بێکهام کە ئێستا خاوەنی بەشێک لە پشکەکانی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکییە کە لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینی یاریی بۆدەکات، دەڵێ، "لە پشوو بووم، پیتەر کینیۆنی بەڕێوەبەری پێشووی مانچێستەر یونایتد تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی، بارسێلۆنا داوای گرێبەستکردنی لەگەڵ تۆدا کردووە و ئێمەش دەستەوارەکەمان قبووڵکردووە، بەڵام من پێمگوت، ئەگەر دەمفرۆشن، تاکە تیپ لە دونیادا کە ئامادەبم یاریی بۆ بکەم، ریال مەدریدە، چونکە ئەوە یانەی خەونەکانی منە و لە منداڵییەوە خەونم یارییکردنە لەو یانەیە".

 ئەو هەروەها دەڵێ، "پێموانەبوو هەرگیز مانچێستەر یونایتد بەجێبهێڵم، بەڵام ئەوەمکرد، چونکە حەزم بەیارییکردن بوو بۆ ریال مەدرید. ئەوان دەیانویست من بڕۆم و منیش تاکە یانە کە دەمویست یاریی بۆ بکەم، ریال مەدرید بوو". بێکهام ئاشکرایکردووە، "مایەی پێکەنین بوو کە دوای تەنیا رۆژێک و نیو لەو قسانە، گرێبەستم لەگەڵ ریال مەدرید کرد".

 داڤید بێکهام لەگەڵ ریال مەدرید نازناوی لالیگای 2006 - 2007ی بەدەستهێنا و دوای ریال مەدرید لە یانەکانی گالاکسی ئەمریکی، میلانی ئیتاڵی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی یارییکرد و ساڵی 2013 بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا.

سەرچاوە: ڕووداو