بەهۆی مێسی و رۆناڵدۆوە، نەسڕ و ئینتەرمەیامی رکابەریی ریال و بارسا دەکەن

لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بوونەتە هۆکار بۆ رکابەرییکردنی یانەکانی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی و نەسڕی سعودی، لەگەڵ یانە زەبەلاحەکانی وەک ریال مەدرید و بارسێلۆنا، لە پڕفرۆشترین درێسی یانەکان لە جیهاندا.

تشرینی یەکەمی 29, 2025 - 16:58
بەهۆی مێسی و رۆناڵدۆوە، نەسڕ و ئینتەرمەیامی رکابەریی ریال و بارسا دەکەن
بەپێی نوێترین ئاماری تایبەت بە فرۆشتنی درێسی یانەکان بۆ ساڵی 2025، ئینتەرمەیامی و نەسڕ، لە لیستی ئەو یانانەی جیهانن کە ساڵی 2025 زۆرترین درێسیان لەسەر ئاستی جیهان فرۆشتووە.
 
میدیای ئیسپانیا بەپشتبەستن بە داتاکانی پێگەی 'یۆرۆمێریکاس'ـی تایبەت بە بەبازاڕکردنی وەرزشی، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی خاوەنی زۆرترین فرۆشی درێس بووە لەسەر ئاستی جیهان و بارسێلۆنا پلەی دووەمی گرتووە، بەڵام یانەکانی ئینتەرمەیامی و نەسڕ، بەهۆی بوونی مێسی و رۆناڵدۆ لە ریزەکانیان ، لە لیستی یەکەم دە یانەیەی جیهانن کە لە ساڵەکەدا زۆرترین درێسیان فرۆشتووە.
 
لە ریزبەندییەکەدا یانەی ریال مەدرید پلەی یەکەمی گرتووە و توانیویەتی 3 ملیۆن و 133 هەزار درێس بفرۆشێت، دوای ئەویش یانەی بارسێلۆنا دێت بە فرۆشتنی 2 ملیۆن و 940 هەزار درێس.
 
پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، پاڵەوانی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوو، لە پلەی سێیەم دێت بە فرۆشتنی 2 ملیۆن و 546 هەزار درێس، دوای ئەویش بایرن میونشنی ئەڵمانی لە پلەی چوارەمە بە 2 ملیۆن و 377 هەزار درێس.
 
کاریگەریی لیۆنێل مێسی بە روونی بەسەر یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمەریکییەوە دیارە. ئەو یانەیە توانیویەتی 2 ملیۆن و 166 هەزار درێس بفرۆشێت و پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکە بگرێت.
 
 یانەی نەسڕ کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکردایەتی دەکات، توانیویەتی لە ساڵی 2025ـدا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار بکات و یەک ملیۆن و 281 هەزار درێس بفرۆشێت.
 
بەپێی داتاکان، یانە سعوودیەکە توانیویەتی پێش یانە گەورەکانی وەک مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، ئاتلێتیکۆ مەدرید و یوڤێنتوس بکەوێت لە فرۆشتنی درێسدا.
سەرچاوە: رووداو