ئەمڕۆ شەممە 29-11-2025 بە بەشداریی سەرۆک بارزانی، دووەم رۆژی سیمپۆزیەمی مەلای جزیری لە جزیرێی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دەستی پێکرد.
ئەحمەد بایجار، قایمقامی جزیرێ گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، زیاتر لە 100 کەسایەتیی ئەکادیمی لە 16 وڵاتەوە لە سیمپۆزیەمەکەدا بەشدارن.
ئەحمەد بایجار ئەوەشی خستەڕوو، سیمپۆزیەمەکە زانستی مەلای جزیری دەخاتە نێو چوارچێوەیەکی ئەکادیمی و دەبێتەهۆی زیاتر ناساندنی ئەو کەسایەتییە کوردە.
قایمقامی جزیرێ ئاماژەی بە بەشداریی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی، ''بەڕێز مەسعود بارزانی لە سیمپۆزیۆمەکەدا بەشدارە و لە وڵاتانی جیاجیاشەوە میوانی ئێمە هاتوون، تاوەکو گفتوگۆ لەسەر بەرهەمی مێژوویی مەلای جزیری بکەن.''
4 ساڵە لەسەریەک ئەم سیمپۆزیەمە بەڕێوەدەچێ. ناونیشانی سیمپۆزیەمی ئەم ساڵ "ئەخلاق لە روانگەی مەلای جزیرییەوە"یە.
''پڕۆسەی ئەم جارەی ئاشتی بە باشی بەڕێوەدەچێت''
سەرۆک بارزانی بەفەرمی لەلایەن پاریزگاری شرنەخەوە بانگهێشتی سیمپۆزیۆمەکە کراوە و گوتارێکی پێشکێشکرد.
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، مەلای جزیری ئەستێرەیەکی گەشە و هیچ کات ئاوا نابێت، سەرقافڵەی عاشقەکانی رێگەی حەقە و شیعرەکانی هیچ کات کۆن نابن.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ''لە تەکیەی بارزان، لە حزووری مەولانا شێخ ئەحمەدی بارزان بە بەردەوامی شیعرەکانی مەلای جزیری دەخوێندرانەوە و بۆ ئێمە دەرکەوت کە چی نزیکییەکی رۆحی لەنێوانیاندا هەیە.''
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، "هەرچەندە لەبارەی مەلای جزیرییەوە بگوترێ کەمە و ناتوانین [بە تەواوی] وەسفی بکەین و حەقی بدەین، بەڵام جێگەی دەستخۆشییە ساڵانە زانکۆی شرنەخ وەک نەریتێک ئەم کۆنگرەیە بەڕێوەدەبات.''
لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا کرد و گوتی، ''زۆر دڵخۆش بووین کە ئەم پڕۆسەیە دەستیپێکرد. دەبینین کە ئەم جارە پڕۆسەکە زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێ، چونکە میللەت، پەرلەمان و هەموو حیزبەکان پاڵپشتیی دەوڵەتن (تورکیا).''
سەرۆک بارزانی سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات بۆ کردنەوەی ''دەرگەی ئاشتی'' و بە باشترین بژاردەی چارەسەرکردنی کێشەکانی دەزانێت و ''هەروەها دەستخۆشی لە بەڕێز ئۆجەلان دەکەم کە هەنگاوی ئەرێنی نا و ئێمەش بە هەموو هێزی خۆمانەوە پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتین و چی لە ئێمە داوا بکرێ و لە دەستمان بێت، ئامادەین.''