بەرپرسانی شرنەخ: هاتنی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ کاریگەریی گەورەی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی دەبێت

چوارەمین سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری لە شاری جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێ و سەرۆک بارزانی بەشدارە. سەرۆکی ژووری بازرگانیی شرنەخ دەڵێت، "هاتنی سەرۆک کاریگەری زۆری دەبێ بۆ پڕۆسەی ئاشتی و هاتنی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکەمان."

تشرینی یەکەمی 29, 2025 - 12:22
بەرپرسانی شرنەخ: هاتنی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ کاریگەریی گەورەی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی دەبێت
عوسمان گەلیش، سەرۆکی ژووری بازرگانیی شرنەخ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشتر سەردانی سەرۆک بارزانییان کردووە و پێیان گوتووە، "مەلا ئەحمەدی جزیری چاوەڕێی تۆیە."
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی شرنەخ باس لە وەڵامی داواکەیان لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە دەکات و دەڵێت، "ئەو گوتی پشتیوان بە خودا لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دێم؛ بەڵێنی خۆی بەجێهێنا. ئێمە زۆر بەوە دڵخۆشین."
 
گەلیش ئاماژەی بەوە کرد، "کولتووری کوردی لەم ناوچەیەدا زۆر دەوڵەمەندە. هاتنی سەرۆک کاریگەریی زۆر دەبێ لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و هاتنی گەشتیاری زیاتر بۆ ناوچەکەمان؛ لە پڕۆسەی ئاشتیدا [سەرۆک بارزانی] فیگەرێکی زۆر گەورەیە."
هەروەها عومەر فارووق یەڵدرم، سەرۆکی ژووری بارزگانیی جزیرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆر دڵخۆشین کە لە هەرێمی جزیرێی بۆتان ئەم سیمپۆزیەمە هەیە. ئەمڕۆ وەک جەژن وایە، زۆر دڵخۆشین بە هاتنی میوانانی قەدر گرانمان، ئەمڕۆ خەڵک هەموو هاتوونەتە ئێرە بە دڵخۆشییەوە لە چاوەڕوانی سەرۆکدان."
 
چوارەمین سیمپۆزیەمی نێودەوڵەتیی مەلای جزیری لە شاری جزیرێی سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان 28ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کە لە شاری جزیرێی باکووری کوردستانە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سیمپۆزیەمەکەی ئەمڕۆ رێزدار سەرۆک بارزانی گوتارێک پێشکێش دەکات."