شاندی ئیمرالیی دەم پارتی دێتە هەولێر
دەم پارتی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندی ئیمرالی دێتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
![شاندی ئیمرالیی دەم پارتی دێتە هەولێر](https://pressin.info/uploads/images/202502/image_870x_67ab22eea7b0a.jpg)
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، شاندەکە رۆژی یەکشەممە 16-2-2025، دێتە هەولێر. بەپێی راگەیێندراوەکەی دەم پارتی، لە سەردانەکەیاندا، شاندەکە رۆژی 16ی شوبات هەریەک لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبینن. رۆژی دواتر و لە 17ی شوبات، شاندەکە دەچێتە سلێمانی و هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینن. دەم پارتی دەڵێت، شاندەکە لە سێ کەس پێکدێن کە بریتین لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و کاسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) لە تورکیا. گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا چۆن دەستیانپێکرد؟ دەوڵەت باخچەلی رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات. شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە. دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە. شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."
سەرچاوە: ڕووداو