سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: بە ئاشتی، ڕۆڵی کورد له پێشکەوتنی ناوچەکەدا زۆر بەهێز دەبێت

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 16/4/2025 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له سلێمانی به‌شداريی له كۆڕبه‌ندی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له عێراق ـ سلێمانيدا كرد. له كۆڕبه‌نده‌كه‌دا كه به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقى فيدراڵ و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له به‌رپرسانی باڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌كادیمى و لێكۆڵه‌ران و ميوانان له هه‌رێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه و جيهانه‌وه به‌شدار بوون، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
به‌یانیتان باش،
به‌ڕێز جه‌نابى محه‌مه‌د شياع سوودانى سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ميوانانى ئازيز له هه‌ر كوێ هاتبن،
به‌يانيتان باش،
هه‌موو لايه‌كتان به خێر بێن.
زۆر خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ پێكه‌وه لە شاری خۆشه‌ويست و دێرینی سلێمانى، بەشداريی لەم كۆڕبه‌نده‌دا ده‌كه‌ين. سلێمانی هەمیشە چرای ڕووناکيی بیر و کو‌لتوور و فرەیيی سیاسی و قەڵایەکی به‌رزى نیشتمانپەروەری بووه. كۆڕبه‌ندى سلێمانی، بووەتە مینبەرێکی گرنگ بۆ گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕا دەربارەی پرسە هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تييه‌كان.
ده‌ستخۆشییه‌كی گه‌رم له براى به‌ڕێزم جه‌نابى د. به‌رهه‌م ساڵح و هەموو ڕێكخه‌رانى ئه‌م كۆڕبه‌نده و زانكۆى ئه‌مه‌ريكى له عێراق ـ سلێمانى ده‌كه‌م. هه‌روه‌ها سوپاسێكی تایبه‌تی برای خۆشه‌ویستم كاك بیلال ده‌كه‌م بۆ ئه‌م بانگهێشته و پیرۆزبایی لێده‌كه‌م كه ئه‌مه ساڵی یه‌كه‌مه ئه‌م كۆڕبه‌نده ده‌كرێت و جه‌نابی سه‌رۆكی ئه‌م زانكۆیه‌ن، هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازم. دڵنيام كۆڕبه‌نده‌كه‌تان لە دەوڵەمەندکردنی گفتوگۆ لەسەر پرسه‌كان و داڕشتنی بیرۆکەی داهێنەرانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵنگارييه‌كان، ده‌ره‌نجامى باشى ده‌بێت.
ئامادەبووانى به‌ڕێز،
ئەمڕۆ ئه‌م كۆڕبه‌نده له كاتێكدايه كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاريى گه‌وره‌ى جیۆپۆلەتیکی، جیهانى گرتووه‌ته‌وه کە سروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ده‌گۆڕێت و لەوانەیە گۆڕانکاری لە هەندێک هاوسەنگيی هەرێمی و جیهانیدا دروست بکات. شه‌ڕ و ململانێكان لە شوێنه‌كانى وه‌ك ئۆکراینا و غەززە و فراوانبوونى کێبڕکێى ئابووریی زلهێزه‌كان، هەموویان کاریگەرييان لەسەر ناوچەی ئێمەش دەبێت. لە هەمان کاتدا، ئێستا جیهان ڕووبەڕووی ئاڵنگاريى هاوبه‌ش دەبێتەوە بەتایبەتی لە بواری گۆڕانی ئاووهه‌وادا كه مه‌ترسيى له‌سه‌ر ئاسایشی خۆراک، کۆچ، تيرۆر و چه‌ندين مه‌ترسيى ديكه دروست دەکات و هه‌ڕه‌شه له ئێستا و داهاتووى جيهان و مرۆڤايه‌تى ده‌كه‌ن.
ئەو کاریگەرییانه لە زۆر شوێنی عێراق بە ڕوونی لێمانەوە دیارن و هەزاران کەس لەبەر نەمانی ئاو، ناچار بوون شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بگۆڕن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان باوەڕمان بە گرنگيی هاريكارى و کاری هاوبەش و هەماهەنگيی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارييانه. پێمان وایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسیاريه‌تیی هاوبه‌شى خۆی بەرامبەر بە پرسە جیهانییەکان بگرێتە ئەستۆ کە بۆ هەموو مرۆڤایەتی، گرنگن.
له‌نێو هه‌موو ئه‌م ئاڵنگارييانه‌دا، مايه‌ى خۆشحاڵييه كه له ناوچه‌كه‌دا پەرەسەندنی ئەرێنيیش دەبینین لەپێناو به‌ديهێنانى ئاشتیدا. ئه‌وه‌ى ئه‌م ماوه‌يه له توركيا بۆ ئاشتى هاتووه‌ته ئاراوه، پرۆسه و ده‌رفه‌تێكى مێژوويييه، به هه‌موو شێوه‌يه‌ك پێشوازی و پشتيوانيى خۆمان بۆ سه‌رخستنى، دووپات ده‌كه‌ينه‌وه. ئه‌مه دەرفەتێکه بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری لەم ناوچەیه و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێی هاوکاريی بنیادنەرانه‌يه كه سوودى بۆ هه‌موو ناوچه‌كه ده‌بێت.
ئاشتی هێزە و ئاشتیخوازی، ڕێبازی کەسانی خاوەن باوەڕ و بەهێزە. لە ئاشتیدا هیچ کەس و لایەنێک تێکناشکێت، هەموومان سەردەکەوین و وڵاتانی ناوچەکەش گەشە دەکەن. هێزى ئاشتى، له هێزى هه‌موو شه‌ڕه‌كان گه‌وره‌تره. كورد و گه‌لى كوردستان به‌گشتى، ئاشتيخوازن. هەر کاتێک و له هه‌ر كوێ ترووسكايييه‌ك بۆ ئاشتى هه‌بێت، گەلی کوردستان هه‌ميشه به‌ئومێده‌وه، به‌پيرييه‌وه چووه. دەبێ هەموو کەس و ڕێکخراوێکی سیاسيی کوردستان، باوەڕی بەو ڕێباز و ویستەی گەلی کوردستان هەبێت. جێگەی دڵخۆشییە کە هەموو پارت و لایەنە کوردستانییەکان کۆکن لەسەر داواکاريی ئاشتیانەی چارەسەری کێشەی کورد لە سووریا، بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی باشیان هه‌ڵناوه بە یەکخستنی داواکارییەکانیان. هیوادارین لەگەڵ حکوومەتی سووریا، بتوانن سووریایەکی دیموکرات و دابینکەری مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دابمەزرێنن کە ببێتە سەرچاوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە. پێويسته حكوومه‌تى سووريا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى وڵاته‌كه بێت به‌بێ جياوازى و هاوبه‌شى و مافى هه‌مووان له سووریا پارێزراو بن.
به‌ڕێزان،
هەرێمی کوردستان هه‌ميشه سەلماندوویەتی کە فاکتەری ئارامى و سەقامگیرییە و ده‌توانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی و گرنگ لە بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتيی ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت. لێره‌وه و له‌م كۆڕبه‌نده‌دا پابەنديى هه‌رێمى كوردستان بە بەردەواميی ئەم ڕۆڵە، لە ڕێگەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەسەر بنەمای ڕێزله‌يه‌کگرتن و بەرژەوەنديی هاوبەش، دووپات ده‌كه‌ينه‌وه. بڕواى ته‌واومان به يه‌كترته‌واوكردنى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه پێكه‌وه هه‌يه بۆ سه‌قامگيرى و په‌ره‌پێدانى به‌رده‌وام له هه‌موو بواره‌كاندا. هاوكارى و پێكه‌وه‌كاركردنى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و هه‌ردووكيان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، بۆ هێنانه‌ديى ئاشتى به‌رده‌وام ده‌بێت، له ڕێگه‌ى ديپلۆماسى و گفتوگۆوه، ده‌رفه‌تى گه‌وره له‌به‌رده‌م گه‌لان و وڵاتانى ناوچه‌كه‌دا بۆ ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتر ده‌كاته‌وه.
گەشەکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی عێراق پەیوەستە بە سەقامگیريی عێراقەوە، پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانیش هێزێکی گەورەیە بۆ عێراق، ئه‌مانه له یه‌كتر جیاناكرێنه‌وه. زياتر له سه‌د ساڵى ڕابردوو زۆر به ڕوونى سه‌لماندى كه پشتگوێخستن و نكۆڵيكردن له مافه‌كانى كورد و گه‌لى كوردستان، جگه له شه‌ڕ و ئاشووب، له ماڵوێرانى و نه‌هامه‌تى و دواكه‌وتوويى بۆ ناوچه‌كه و گه‌لانى ناوچەکە، هيچ ئه‌نجامێكى ديكه‌ى نه‌بووه و نابێت. ڕابردوو، وانه و په‌ندێكى مێژوويى به نرخێكى گران پێشكه‌ش كردین، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه: هه‌وڵى بێهووده‌ى سڕينه‌وه‌ى ميلله‌تێكى ده‌يان مليۆنى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه له نيشتمان و له‌سه‌ر خاكى ڕه‌سه‌نى خۆى ده‌ژيت، هه‌رگيز ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ ناوچه‌كه ناهێنێت، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌ميشه ناوچه‌كه له‌به‌رده‌م چاره‌نووس و جۆره‌ها ئه‌گه‌رى ترسناكدا ده‌هێڵێته‌وه.
بۆيه دواى ئه‌و هه‌موو ڕابردووه تاڵه، پێمان وايه ئيتر كاتى ئه‌وه‌يه ئاوڕێكى جددى له‌م پرسه بدرێته‌وه. هه‌موومان له‌م ناوچه‌يه به گيانى پێكه‌وه‌يى، ته‌بايى، يه‌كترقبووڵكردن، هاريكاريى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتييانه و ئاره‌زوومه‌ندانه، ده‌ستى دۆستايه‌تى بخه‌ينه ده‌ستى يه‌كتر و ئاشتييه‌كى هه‌ميشه‌يى له ناوچه‌كه به‌دى بهێنين. ئاشتييه‌ك، داهاتوويه‌كى ڕووناك بۆ نه‌وه‌كانى ئێستا و داهاتووى هه‌موو میلله‌تانى ناوچه‌كه، مسۆگه‌ر بكات. داهاتوويه‌ك تيايدا ئه‌م ناوچه‌يه ببێته ناوه‌ندێكى گرنگى جيهان و مرۆڤايه‌تى. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى كورد و نه‌ته‌وه‌كانى دیکە پێكه‌وه ده‌ژين كه په‌يوه‌نديى مێژوويى و دێرينى هه‌زاران ساڵه‌يان پێكه‌وه هه‌يه، ده‌رفه‌ت له‌باره و بارودۆخ گونجاوه بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌ر وڵاتێك به‌پێى دۆخ و سروشت و تايبه‌تمه‌نديى ئه‌و وڵاته، له چوارچێوه‌ى سنوورى ئه‌و وڵاتانه‌دا، به ديالۆگ و لێكگه‌یيشتن و ئاشتيانه، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و ئاسووده‌يى و سه‌قامگيريى هه‌ميشه‌يى به‌دى بێن، تاكوو هه‌مووان پێكه‌وه ڕوو له داهاتوويه‌كى دڵنيا و بێ ترس، بكه‌ن.
کورد یەکێکە لە نەتەوە ڕه‌سه‌ن و گەورەکانی ناوچەکە. بە ئاشتی، ڕۆڵی کورد له پێشکەوتنی ناوچەکەدا زۆر بەهێز دەبێت، هەروەها وڵاتانی ناوچەکە دەبنە خاوەن هێزێکی زۆرتر. ئاماده‌بووانى به‌ڕێز.. لێره، له هه‌رێمى كوردستان، سەبارەت بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، پابەنديی جێگیریمان بە دەستووری عێراقه‌وه دووپات دەکەینەوە وەک چوارچێوەیەک کە ئەم پەیوەندییە ڕێکدەخات. ئێمە پێمان وایە دەستوور بە پرەنسیپەکانی فیدراڵی و فرەیی و هاوبه‌شى، گه‌رەنتيی ڕاسته‌قينه‌يه بۆ مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق به‌بێ جياوازى. به سوپاس و پێزانينه‌وه بۆ هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكوه‌زيران به‌ڕێز محه‌مه‌د شياع سوودانى، ماوەی ڕابردوو پێشکەوتنی بەرچاو لە چارەسەرکردنی پرسه‌كانى نێوان هەولێر و بەغدا بينرا. ڕوانگەی بەڕێز سوودانى لە بەهێزکردنی هاوبەشییەکان و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان، ڕوانگەیەکی ڕاسته بۆ چارەسەركردنی كێشه‌كانی عێراق. لێرەدا جەخت له‌سەر جێبەجێکردنی خێرای یاسای گێڕانەوەی موڵکداری و چالاکترکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، ده‌كه‌مه‌وه. ئێمه بەردەوام دەبین لە گفتوگۆی بنیادنەر لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ گەییشتن بە چارەسەری هەمیشەیی بۆ هه‌موو کێشه‌كان بە شێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەنديی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانييه‌وه بكات و ماف و شايسته ده‌ستوورييه‌كانى هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر و مسۆگه‌ر بكات.
كوردستانييانى خۆشه‌ويست،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
له دۆخ و ئاڵنگارييه‌كانى ئێستاى ناوچه‌كه‌دا، پێويسته پەرلەمانی کوردستان کارا بێت، بۆ ئەوەش ئه‌ركى هه‌ره له‌پێشینه‌ی پارتى دیموكراتی كوردستان و يه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و لايه‌نه براوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانه كه په‌له بكه‌ن و هه‌رچى زووتره كابينه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكبهێنن. حكوومه‌تێك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانييه‌كانى هاووڵاتييان بێت و بتوانێت وه‌ك پێويست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێشهات و ئاڵنگارييه‌كاندا بكات.
هه‌ر له‌م بۆنه‌يه‌دا ده‌مه‌وێ جارێكى ديكه، به گه‌رمى پيرۆزبايى له خه‌ڵكى خۆشه‌ويستى شاری هه‌ڵه‌بجه بكه‌م بۆ به‌پارێزگابوونى شاره‌كه‌يان و ده‌ستخۆشی له جه‌نابی سه‌رۆكوه‌زیران ده‌كه‌م كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی دا هه‌ڵه‌بجه ببێته پارێزگا. دڵنيايان ده‌كه‌مه‌وه كه هه‌موومان كار ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مه بكه‌ينه ده‌رفه‌تێكى ديكه بۆ خزمه‌تكردنى زياترى هه‌ڵه‌بجه و خه‌ڵكى ناوچه‌كه.
بێگومان له كۆتایی قسه‌كانیشمدا له سلێمانی، ده‌مه‌وێ به ناوی هه‌موو به‌شداربووانه‌وه، پیرۆزبایی له عێراق، پیرۆزبایی له دهۆك بكه‌م كه له فووتبۆڵ بردیانه‌وه و جامی یانه‌كانی كه‌نداویان به‌ده‌ستهێنا. لێره‌وه به ناوی هه‌مووتانه‌وه پیرۆزباییيه‌كی گه‌رمیان لێده‌كه‌ین، ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین و پێیان ده‌ڵێین ئه‌وان شانازی بوون بۆ عێراق، شانازی بوون بۆ هه‌رێمی كوردستان.
زۆر سوپاس،
به خێر بێن..