پێکهاتەی ریال مەدرید بەرامبەر ئارسیناڵ پڕ دەبێت لە سوپرایز

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید بیر لە گۆڕینی پێکهاتەکەی دەکاتەوە بۆ یارییە گرنگەکەی ئەمشەوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەرامبەر ئارسیناڵ و دەڵێن "پێکهاتەی ریال مەدرید بەرامبەر ئارسیناڵ پڕ دەبێت لە سوپرایز".

نیسان 16, 2025 - 17:22
پێکهاتەی ریال مەدرید بەرامبەر ئارسیناڵ پڕ دەبێت لە سوپرایز

ریال مەدرید هەوڵدەدات لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ قەرەبووی دۆڕاندنەکەی بکاتەوە لە یاریی چووندا، کە بەئەنجامی 3-0 بەرامبەر ئارسیناڵ لەنێو یاریگای ئیمارات دۆڕا. بەگوێرەی رێلێڤۆ "کارلۆ ئەنچێلۆتی بیر لە ئەنجامدانی گۆرانکارییەکی تەواو لە پێکهاتەکەی دەکاتەوە، کە کۆمەڵێک سوپرایزی تێدایە لەوانەش بەشداریکردنی یاریزانی دیکە و گۆڕینی شوێنی یاریکردنی هەندێک یاریزان".

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، کارلیتۆ دەیەوێت بە پێکهاتەیەک بچێتە نێو یارییەکەی بەرامبەر ئارسیناڵ، کە تیبۆ کۆرتوا گۆڵەکەی دەپارێزێت، بە پاڵپشتی هێڵی بەرگرییەک کە پێکهاتووە لە راول ئاسێنسیۆ لە باڵی بەرگری راست. ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر و چوامینی لە دڵی بەرگری، هەروەها دەڤید ئالابا لە باڵی بەرگری چەپدا. لە هێڵی ناوەڕاستیشدا چاوەڕوان دەکرێت یاری بە ڤالڤێردی و سیبایۆسی تازە گەڕاوە لە پێکان بکات، جود بێلینگهامیش وەک هەمیشە وەک دروستکەری یاری بەشداری پێدەکات.

بەقسەی رێلێڤۆ، ئەنچێلۆتی لە هێڵی هێرشبردندا سوپرایزی نابێت و رۆدریگۆ، ڤینیسیۆس و کیلیان ئێمباپێ یاری دەکەن. ریال مەدرید، کە بەبردنەوەی 15 نازناوی چامپیۆنزلیگ بە 'پاشای ئەورووپا' ناسراوە، پێویستە بەلایەنی کەمەوە بەجیاوازی چوار گۆڵ بەرامبەر ئارسیناڵ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی سەربکەوێت بۆ قۆناخی پێشکۆتایی، یان دەکرێت بەجیاوازی سێ گۆڵ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و یارییەکە بگەینێتە کاتی زیادکراو بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لە چوارگۆشەی زێڕیندا مسۆگەر بکات.

 براوەی یارییەکەی ریال مەدرید و ئارسیناڵ لە یارییەکی سەرنجڕاکێشی قۆناخی پێشکۆتایی رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە، دوای ئەوەی یانە فەرەنسییەکە لەکۆی دوو یارییدا بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا سەرکەوتنی مسۆگەرکرد.

سەرچاوە: ڕووداو