وەزارەتی ناوخۆ خەرجیی ژینگەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەڵگرت
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تۆمارکردنی یەکەمجار و خەرجیی ژینگەی ئۆتۆمبێلی کارەباییان هەڵگرت، ئەوەش بەمەبەستی هاندانی خەڵک بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی "تەواو کارەبایی."

دوای ئەوەی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2025 لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆوە واژۆ کرا، بڕیارەکە لە 16-02-2025ـەوە دەچێتە واری جێبەجێکردن. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆ، ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەشدارە لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ژینگە، هەربۆیە ئەو بڕیارەیان داوە. بەگوێرەی ئەو رێنوێنییەی وەزارەتی ناوخۆ، تۆمارکردنی یەکەمجاری ئۆتۆمبێلی "تەواو کارەبایی" بێ بەرامبەر دارایی و بێ وەرگرتنی پارەی یاسایی ساڵانەی ژینگە دەبێت. وەزارەتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئهم رێنوێنییە له چوارچێوهی بایهخی بهردهوام و رێنوێنییهكانی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی یه، بۆ كهمكردنهوهی مهترسییهكانی پیسبوونی ژینگه و هاندانی هاونیشتمانییان بۆ بهكارهێنانی ئۆتۆمبێلی كارهبایی." ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی جیهان بەرەو زیادبوون دەچێت، بە دۆستی تەواوی ژینگە دادەنرێت، بەو پێیەی هیچ سووتەمەنییەکی پێویست نییە. ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری 100% لێخۆشبوونی باجی بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەرکرد. لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن کە بە سووتەمەنی کار دەکەن و بە هۆکارێکی پیسکردنی ژینگە دادەنرێن.
سەرچاوە: ڕووداو