ئەردۆغان وەزیرێکی پێشووی تورکیای کردە نوێنەری تایبەتی عێراق
وەزیرێکی پێشووی دارستان و ئاوی تورکیا بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پۆستی نوێنەری تایبەتیی عێراقی پێدرا.

بریارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە واژۆی خۆیەوە، لە ژمارەی رۆژی پێنجشەممە، 8-5-2025، لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرایەوە.
لە بڕیارەکەدا هاتووە: "بە گوێرەی بڕگەکانی 4 و 161ـی بڕیارنامەی سەرۆکایەتیی کۆمار، فەیسەڵ ئەرۆغڵو، وەکو نوێنەری تایبەتیی کۆماری عێراق دەستبەکار بووە".
ئەرۆغڵو لە ماوەی رابردوودا زۆرترین پۆستی تایبەت بە ئاو و ئاوەڕۆ لە شوێنە جیاوازەکان هەبووە و دوو جاریش پۆستی وەزیری هەبووە. ساڵی 2011 تاوەکو 2018 وەزیری دارستان و ئاوی تورکیا بووە.
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە، 8-5-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەریی شاندێکی باڵا بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت، بڕیارە بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای تورکیا - عێراق بۆ هاوکاریی ستراتیژی بکات.
فەیسەڵ ئەرۆغڵو کێیە؟
رۆژی 18-8-1948 لە پارێزگای ئافیۆن کاراهیساری تورکیا لەدایکبووە
کۆلێژی بیناسازیی لە زانکۆی تەکنیکیی ئیستەنبووڵ تەواوکردووە
هەروەها بەشی مێژووی لە زانکۆی ئیستەنبووڵ خوێندووە
1984 بووەتە پرۆفیسۆر
1999 بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی ئیستەنبووڵ (ISKI)
2004 بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئاو
2007 بووەتە پەرلەمانتاری ئاکپارتی
2007-2011 وەزیری ژینگە و دارستانی تورکیا بووە
2011-2018 وەزیری دارستان و ئاوی تورکیا بووە
سەرچاوە: ڕووداو