رۆژنامەڤانێکی دیاری تورکیا: دەرگای ئازادبوون بۆ دەمیرتاش کرایەوە

عەبدولقادر سەلڤی کە رۆژنامەڤانێکی دیاری تورکیایە و نزیکە لە دەسەڵاتی ئاکپارتی، رایگەیاند 'پاکێجی ئازادی' ئامادە دەکرێت. دەشڵێت، دەرگای ئازادبوون بەڕووی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەدا کراوەتەوە.

تشرینی یەکەمی 6, 2025 - 18:07
رۆژنامەڤانێکی دیاری تورکیا: دەرگای ئازادبوون بۆ دەمیرتاش کرایەوە
کراوەتەوە. 
 
عەبدولقادر سەلڤی لە بابەتێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، لە رۆژنامەیەکی تورکی بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی، رۆژانی کەم ماون بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و سەرۆککۆمار ئەردۆغان لەو گفتوگۆیانەی پێش کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان کراون، بە گەرمی باسی پرسی دەمیرتاشی کردووە.
 
'ئیدی دەرگای ئازادبوون بۆ دەمیرتاش کراوەتەوە'
 
سەلڤی، دەڵێت "کاتێک سەرۆککۆمار ئەردۆغان دەچووە ژوورەوە بۆ کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی، لەگەڵ کەسایەتییەکی گرنگ باسمان لە پرسی دەمیرتاش دەکرد. کاتێک ئاگاداری کردمەوە کە ئەردۆغان لێدوانێکی ئەرێنی دەدات، بە وردی سەرنجم دایە."
 
دوای کۆبوونەوەکە، پرسیاری ئازادکردنی دەمیرتاش لە ئەردۆغان کرا. ئەویش گوتی، 'ئەم وڵاتە وڵاتی دادوەرییە، دادگا چی بڵێت ئێمە پابەندی دەبین'. سەلڤی دەڵێت: "ئەو قسەیەی ئەردۆغان تێڕوانینێکی ئەرێنییە لە ئازادکردنی دەمیرتاش."
 
سەلڤی، هەروەها قسەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی بیرهێنایەوە کە گوتبووی "ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش خێردار دەبێت" و گوتی: "ئیدی دەرگای ئازادبوون بۆ دەمیرتاش کراوەتەوە."
 
'پاکێجی ئازادی ئامادە دەکرێت'
 
سەلڤی، لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، لەنێو حکومەتدا ئامادەکاری بۆ 'پاکێجێکی ئازادی' دەکرێت و گوتی: "لەنێو ئاکپارتیدا کەسانێک هەن کە پێیانوایە 'با لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە. تەنیا بە دەمیرتاشەوە نەوەستین. با رێگەی ئازادکردن بۆ ئەو کەسانەش بکەینەوە کە کۆمەڵگە چاوەڕوانی ئازادکردنیانە، لەنێویاندا عوسمان کاڤالا'. بەمجۆرە بۆچوونی 'با شنەبایەکی ئازادیخوازانە هەڵبکەین' دێتە ئاراوە."
 
30 بارۆ داوای ئازادکردنی دەمیرتاش دەکەن
 
لەلایەکی دیکەوە، لە تورکیا و باکووری کوردستان سەندیکای پارێزەران (بارۆ)ی 30 پارێزگا، داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا دەکەن کە لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەوە دەریکردووە و رایانگەیانددووە، دەبێت سەروەریی یاسا هەبێت.
 
ئەو سەندیکایانە کە 17 ـیان لە باکووری کوردستان و 13 ـیان لە پارێزگاکانی تورکیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، شەشی تشرینی دووەمی 2025، لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووریی تورکیاوە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەکو ئەو سەندیکایانەی واژۆمان کردووە، داواکاریی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی بەپەلەی بڕیارەکانی دادگەی دەستووری و دادگەی ئەورووپا بۆ ئەو کەسانە دەکەین کە تائێستا بڕیاری پێشێلکردنی مافەکانیان بۆ دەرچووە".
 
سەندیکاکان، ئاماژەیان بە بڕیارەکەی 8ـی تەممووزی 2025ـی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوە کە رایگەیاندبوو، تورکیا بە دەستبەسەرکردنی دەمیرتاش مادەکانی 5 و 18ـی پێشێل کردووە و هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنی دەمیرتاش سیاسین.
 
سەندیکاکان دەڵێن، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی دەستووری و دادگەی ئەورووپا، پێویستییەکی بنەمای دەوڵەتی یاسایە.
 
هەروەها باس لەوەش کراوە، دۆخی عوسمان کاڤاڵا بازرگانی تورک و جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا بە هەمانشێوەیە و دەبێت بڕیارەکانی پەیوەست بە ئەوانیش جێبەجێ بکرێن.
 
دۆسیەی کۆبانێ
 
ئەو دۆسیەیەی کە دەمیرتاش و هاوڕێکانی لەسەری دادگاییکران، بە دۆسیەی کۆبانێ ناسراوە. ئەمەش دوای ئەوەی رێکخراوی داعش لە ئەیلوولی 2014 هێرشێکی بۆ سەر کۆبانێ لە رۆژئاڤای کوردستان دەستپێکرد و لە باکووری کوردستان داوای پشتیوانی بۆ کۆبانێ کرا.
 
یەکەم لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکانی کۆبانێ لە ساڵی 2014 دەستیپێکرد.
 
ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی هەدەپە بە تۆمەتەکانی وەکو "کوشتنی بەئەنقەست"، "تاڵانکردن"، "بریندارکردنی کارمەندی کەرتی گشتی بە چەک"، "سووتاندنی ئاڵا" و "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات" دادگایی کران. 
 
دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016 ـدا دەستگیر کرا.
 
ئەو سکاڵانامەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە ئامادەکرابوو، لە حەوتی کانوونی دووەمی 2021 لەلایەن دادگەی 22ـەمینی سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە پەسند کرا و لە 26ـی نیسانی 2021 یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنەکە بەڕێوەچوو.
 
لە دۆسیەکەدا 108 سیاسەتڤانی کورد دادگەییکران و تەنیا 12 کەسیان بێتاوان دەرچوون.
 
لە 15ـی ئایاری 2024 ـدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش، و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە، سزای 42 ساڵ و 30 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا.
 
بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە دەمیرتاش
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، ئەو داواکارییەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2017 سەبارەت بە دەستبەسەربوونی پێشکەشی کردبوو، لە 20 ـی تشرینی دووەمی 2018 بڕیاری لەسەردا. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گەیشتبووە ئەو ئەنجامەی کە دەستبەسەرکردنی دەمیرتاش "نەک یاسایی، بەڵکو لەسەر بنەمای ئامانجی سیاسی بووە."
 
دەمیرتاش، ئەو تێزەی خستبووە روو کە تورکیا ماددەی 5ـی رێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سەبارەت بە مافی ئاسایش و ئازادی، ماددەی 10 سەبارەت بە ئازادیی رادەربڕین، ماددەی 18 سەبارەت بە سنووردارکردنی کۆتوبەندەکان لەسەر مافەکان، ماددەی 34 سەبارەت بە سکاڵا تاکەکەسییەکان و ماددەی 3ی پڕۆتۆکۆلی زیادکراو سەبارەت بە مافی هەڵبژاردنی ئازادی "پێشێل کردووە."
 
دادگە لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکەیدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە تورکیا جگە لە ماددەکانی 10 و 34، ماددەکانی دیکەی پێشێل کردووە.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، ئەو تێزەی تورکیای پەسند کرد کە دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی دەمیرتاش لەسەر بنەمای گومانی بەجێ بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاری دا ئەو پاساوانەی لە بڕیارە دادوەرییەکاندا خراونەتەڕوو کە بوونەتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی زیندانیکردن، بۆ رەوایەتیدان بە بەردەوامیی زیندانیکردنەکە، بەس نەبوون.
 
داوا لە تورکیا کرا ئەگەر هۆکار یان بەڵگەی نوێ بۆ رەوایەتیدان بە بەردەوامیی زیندانیکردنی دەمیرتاش نەخاتەڕوو، لە زووترین کاتدا رێوشوێنی پێویست بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی زیندانیکردنەکەی بگرێتەبەر.
 
ئەم بڕیارەی، کە تێیدا دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دابوو تورکیا 25 هەزار یۆرۆ بدات، برایە بەردەم دەستەی باڵا کە وەکو دەستەی تێهەڵچوونەوە کار دەکات و لە 17 دادوەر پێکدێت.
 
دەستەی باڵا، لە بڕیارەکەیدا کە لە 22ـی کانوونی یەکەمی 2020 رایگەیاند، بڕیاری دا کە تورکیا پێشێلکاری کردووە.، بڕیاردرا تورکیا بڕی 60 هەزار و 400 یۆرۆ وەکو قەرەبوو، لەگەڵ خەرجییەکانی دادگە، بە دەمیرتاش بدات.
 
دۆسیەیەکی دیکە سەبارەت بە دۆخی زیندانیکردنی دەمیرتاش لە دووی ئاداری 2020 خرایە بەردەم دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا.
 
هاوشێوەی داواکارییەکەی پێشوو، لەم داواکارییەشدا ئەو تێزە خرایەڕوو کە تورکیا هەندێک ماددەی رێککەوتننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە، دووبارە زیندانیکردنەوەی دەمیرتاش لە 20ـی ئەیلوولی 2019 و ئەو پاساوانەی کراونەتە بنەما بۆ زیندانیکردنی، بەس نەبوون.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، لە بڕیارەکەیدا کە لە هەشتی تەممووزی 2025 رایگەیاند، زیندانیکردنەوەی دەمیرتاشی لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێدا بە "کێشەدار لە رووی یاساییەوە" لە قەڵەم دا.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە بەڵگەکانیشی بە ناتەواو زانی، راشیگەیاند، دەسەڵاتە دادوەرییەکانی ناوخۆیی ئەگەری جێبەجێکردنی رێوشوێنە بەدیلەکانی زیندانیکردنیان لەبەرچاو نەگرتووە.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئامانجی سەرەکیی بڕیاری زیندانیکردن "رێگریکردن بووە لە چالاکییە سیاسییەکانی سکاڵاکار" هەروەها درێژکردنەوەی پرۆسەی بڕیاردان لەسەر ئەو سێ سکاڵا تاکەکەسییەی دەمیرتاش پێشکەشی دادگەی دەستووری کردبوو، بە پێشێلکاری لە قەڵەم دا.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، بڕیاریدا تورکیا بڕی 55 هەزار و 745 یۆرۆ وەکو قەرەبوو، لەگەڵ خەرجییەکانی دادگە، بدات.
 
تورکیا لە حەوتی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ تانەی لەو بڕیارە دا، بەڵام دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا تانەکەی رەتکردەوە.
سەرچاوە:رووداو