بەشداربوویەکی کۆبوونەوەی عەفرین: شەرع بەڵێنی دا پێشێلکاریی گرووپە چەکدارەکان نەهێڵێت

سەرۆکی سووریا سەردانی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ کەسایەتی و خەڵکی ناوچەکە کۆبووەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین، کە لە کۆبوونەوەکە ئامادە بوو، رایگەیاند شەرع بەڵێنی دا نەهێڵن پێشێلکاری لە عەفرین بکرێت و نووسینگەیەکی تۆمارکردنی سکاڵا دەکەنەوە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەنێرنە عەفرین.

شوبات 16, 2025 - 11:20
بەشداربوویەکی کۆبوونەوەی عەفرین: شەرع بەڵێنی دا پێشێلکاریی گرووپە چەکدارەکان نەهێڵێت

 ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین، کە خۆی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ (شەممە، 15-2-2025) ئامادەبووە لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی نوورۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکەشی دەکات، گوتی کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاژێر درێژەی کێشا و وەک ئەنەکەسە بە بانگهێشتێکی فەرمی و بە شاندێک لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون. لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها کەسایەتیی جیاواز، ئایینی و ئەنجوومەنی خۆجێی و سەرۆکی شارەوانییەکان ئامادە بوون. ئەحمەد حەسەن گوتی هیچ نوێنەرێکی گرووپە چەکدارەکان لە کۆبوونەوەکە نەبوون، 98٪ـی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کوردانی عەفرین بوون، عەرەبە بەشداربووەکانیش ئەوانە بوون کە دەیان ساڵە نیشتەجێی عەفرینن. سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە دەڵێت نامەیەکمان بە ناوی ئەنەکەسە لە عەفرین بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا خوێندەوە تێیدا باسی ئەو پێشێلکارییانەمان کرد کە لە عەفرین دەکرێن. ئەحمەد حەسەن هەروەها گوتی "سەرنجمان خستە سەر بڕینی دارەکان، کە بەشێوەیەکی دڕندانە دەکرێت، بەتایبەتی لەم قۆناخە راگوزەرەی سووریا پێیدا تێدەپەڕێت، گرووپە چەکدارەکان ئەمە وەک دەرفەتێک دەبینن؛ بڕینی دارەکان و بازرگانی خۆیان لە عەفرین زیاد کردووە." بە گوتەی ئەحمەد حەسەن، بابەتێکی دیکە کە بۆ ئەحمەد شەرع باسیان کردووە، زیندانەکانی عەفرین بووە؛ بەگوتەی ئەو "هەتاوەکو ئێستا نەکراونەتەوە و بە سەدان خەڵکی ئێمە لە زیندانەکاندان. لەلایەکی دیکەشەوە هێشتا خەڵکی ئێمە کە دەگەڕێنەوە عەفرین لە رێگەدا دەگیرێن و لە زیندانەکانی مارح، ئەعزاز و راعی دەگیرێن." سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی لە کۆبوونەوەکە دا باسی باجیان کردووە، کە رۆژانە گرووپە چەکدارەکان لە خەڵکی عەفرین وەریدەگرن و بە هەزاران دۆلار لە خەڵک بە زۆر وەردەگیرێت. هەروەها باسی ئەو خانوو و ماڵانەی خەڵکی رەسەنی عەفرینیان کردووە، کە سەرەڕای ئەوەی بەتاڵن، بەڵام هێشتا کلیلەکانیان لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندایە و نایدەنەوە خاوەنە رەسەنەکانیان. سەبارەت بە وەڵامی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا و بەڵێنەکانی بۆ خەڵکی عەفرین، ئەحمەد حەسەن دەڵێت "شەرع لە قسەکانیدا گوتی، یەکەم شاری سەر بە پارێزگای حەلەب کە سەردانی کردووە عەفرینە، ئەویش لەبەر ئەوەی کاتێک لە ئیدلب بوو دراوسێی عەفرین بوو و هەموو پێشێلکارییەکانی دەبینی، بەڵام ئەو کاتە هیچیان لە دەست نەدەهات. شەرع بەڵێنی دا ئەم پێشێلکارییانە نەمێنن." سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین ئاشکرای کرد، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەڵێنی دا لە چەند رۆژی داهاتوودا نووسینگەیەک بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن خەڵکی عەفرینەوە دەکەنەوە و، هێدی هێدی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەهێننە نێو عەفرین. "شەرع بە خەڵکی عەفرین کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون، گوتی گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین دەردەکەن و ناوێکی دیکەیان لێ دەنرێت." سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی رەسەنی عەفرین بۆ ناوچەکەی خۆیان، ئەحمەد حەسەن رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە لەوەی عەفرینییەکان بگەڕێنەوە سەر جێگە و رێی خۆیان و گوتیشی ئەوان و هەسەدە پێکەوە دیالۆگیان کردووە،بە فەرماندەی هەسەدە مەزڵووم عەبدیی گوتووە، لە هەر ئەگەرێکدا، ئەوان رێکبکەون یان نا، دەبێت خەڵکی عەفرین کە لە ناوچەکانی هەسەدەن، بگەڕێنەوە سەر جێ و رێی خۆیان. سەرۆکی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی "هەتا ئێستا 10 هەزار خێزانی کورد گەڕاونەتەوە عەفرین، لە بەرامبەردا بە سەدان هەزار خەڵکی عەرەب لە عەفرین دەرچوون، کە تەنها لە رۆژی 15ـی شوباتدا لە ناوچەی راجۆ، کاروانێک بە 80 ئۆتۆمبێل و 10 پاس بەیەکەوە دەرچوون."

سەرچاوە: ڕووداو