ئەمریکا: ئەورووپا بەشێک نابێت لە گفتوگۆکانی جەنگی ئۆکراینا

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئۆکراینا، رایگەیاند، وڵاتانی ئەورووپا بەشێک نابن لە گفتوگۆکانی تایبەت بە وەستانی جەنگی ئۆکراینا، ئەمەش لەدوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ ژمارەیەک پرسیاریان بۆ ئەورووپییەکان ناردووە و پرسیاریویانە ئەوان چۆن دەتوانن، رۆلیان هەبێت و دڵنیایی بدەن لە پاراستنی ئاسایشی ئۆکراینا.

شوبات 16, 2025 - 11:12
ئەمریکا: ئەورووپا بەشێک نابێت لە گفتوگۆکانی جەنگی ئۆکراینا

رۆژی شەممە 15ـی شوباتی 2025، ژەنەرال کیس کێلۆگ، نێردەیدۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ئۆکراینا، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، رایگەیاند ئەمریکا رۆڵی نێوەندگیریی دەبێت لە گفتوگۆکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا بەمەبەستی راگرتنی ئەو جەنگەی نزیکەی سێ ساڵە بەردەوامە و کاتێکش پرسیاری لێدەکرێت لەبارەی رۆڵی ئەورووپییەکان لە گفتوگۆکە، ئەو بەرپرسەی ئەمریکا گوتی: "من سەر بە قوتابخانەی راستبینیم و پێموانییە ئەوە رووبدات." دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا، کێلۆگ، ئەورووپییەکانی دڵنیا کردەوە و رایگەیاند، قسەکانی ئەو بە واتای ئەوە نایەت کە "سەرنج و بەرژەوەندییەکانیان لەبەرچاو ناگرێت." لە 12ـی شوبات، ترەمپ و هاوتا رووسییەکەی ڤلادیمیر پووتین، بۆ ماوەی 90 خولەک بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و ئەمەش سەرکردەکانی ئەورووپای نیگەران کردووە بەوەی ترەمپ راوێژی بەوان نەکردووە لەبارەی ئۆکرایناوە پێش ئەوەی قسە لەگەڵ پووتین بکات. نێردەکەی ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، دانوستانەکاندنەکان، تایبەت دەبن بە راگرتنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و سەرنجی سەرەتاشیان دەکرێت لەبارەی سازشکردنی هەندێک خاک بێت لەلایەن رووسیاوە، لەگەڵ بەئامانجکردنی داهاتی نەوتی ئەو وڵاتە و گوتیشی: "رووسیا، وڵاتێکی پەترۆڵییە و دەبێت هێزەکانی رۆژئاوا کاری زیاتر بکەن، تاوەکو بتوانن سزاکانی سەر رووسیا کاریگەرتر بن." لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا لە سعودیە کۆببنەوە، بەمەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی تایبەت بە راگرتنی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا. ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کیێڤ بانگهێشتی گفتوگۆکانی سعودیە نەکراوە و ئامادەش نابێت بەشداری ئەو کۆبوونەوانە بکات، تاوەکو راوێژ لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانی نەکات.

سەرچاوە: ڕووداو